عێراق لە مانگی ڕابردوودا زیاتر لە پێنج ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەی ئەمەریکا کردووە

ئیدارەی وزەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمەریکا لە مانگی ئایاردا زیاتر لە پێنج ملیۆن بەرمیل بووە.

دووشەممە، 16ـی حوزەیرانی 2025، ئیدارەی وزەی ئەمەریکا خشتەیەکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، "عێراق لە مانگی ڕابردوودا پێنج ملیۆن و 548 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەناردەی ئەمەریکا کردووە، کە لە مانگی نیساندا 4 ملیۆن و 590 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەناردە کردبوو."

ئیدارەی وزەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش کرد، "عێراق لە هەفتەی یەکەمی مانگی ئایاردا بە تێکڕای ڕۆژانە 152 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەناردەی ئەمەریکا کردووە، هاوکات لە هەفتەی دووەمدا بە تێکڕای هەناردەکردنی 85 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لە هەفتەی سێیەمدا 235 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لە هەفتەی چوارەمیشدا 214 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا هەناردەکراوە."

وزەی ئەمەریکا باسی لەوەش کردووە، "عێراق لە مانگی ڕابردوودا لە ڕیزبەندی شەشەمی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت بۆ ئەمەریکا بووە، دوای کەنەدا کە پلەی یەکەمی گرتووە، دوای ئەویش مەکسیک، دواتر سعوودیە، بەرازیل و کۆڵۆمبیا و عێراق."

هەروەها لە ڕیزبەندی وڵاتانی عەرەبی عێراق پلەی دووەمی گرتووە، لە هەناردەکردنی نەوت بۆ ئەمەریکا، کە لە دوای سعوودیە دێت، کە بە 11 ملیۆن و 806 هەزار بەرمیل لە پێشەنگی لیستەکەدا هاتووە، لە پلەی سێیەمیشدا لیبیا بە هەناردەکردنی یەک ملیۆن و 677 هەزار بەرمیل لە پلەی سێیەم دێت.