سوودانی: ئیسرائیل هەوڵی فراوانکردنی شەڕ دەدات

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، ئیسرائیل هەوڵدەدات شەڕ لە ناوچەکەدا فراوانتر بکات بەمەبەستی دووبارە کێشانەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی حوزەیرانی 2025، محەممەد شیاع سوودانی لەگەڵ ژمارەیەک سەرۆکی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی وڵاتانی ئاسیایی و ئەمەریکاییەکان و باڵیۆزی ئوسترالیا و تورکیا کە لە عێراقدا کاردەکەن کۆبووەوە.

لە میانی کۆبووەنەوەکەدا سوودانی گوتی: حکوومەتی ئیسرائیل دان بە یاسا نێودەوڵەتی و مرۆییەکان نانێت و لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە تاوان و کۆمەڵکوژی دەکات.

راشیگەیاند، ئیسرائیل هەوڵدەدات شەڕ لە ناوچەکەدا فراوانتر بکات بەمەبەستی دووبارە کێشانەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش دا، "داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمەریکا دەکات ڕۆڵی خۆیان بگێڕن لە ڕاگرتنی ئەم شەڕە و گرتنەبەری ڕێگەچارەی ئاشتیانە لە ڕێگەی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانەوە".

جەختیشی کردەوە، عێراق بۆ ڕاگرتنی ئەم شەڕە لە ڕێگەی پەیوەندییکردن بە سەرکردەکان و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی جیهان، هەوڵی زۆر دەدات. ڕوونیشی کردەوە، ئیدانەی هێرشی ئیسرائیل لە دژی ئێران کرد و گوتی: هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش، ئاشتی، سەقامگیریی عێراق.

سوودانی باسی لەوەش کرد، "ئەم پێشێلکارییەی یاسا لەلایەن ئیسرائیلەوە لێکەوتەی نەرێنی دەبێت"، پێشێلکردنی سەروەری عێراقی ڕەتکردەوە، بەوەی سکاڵایەکی فەرمی پێشکەشی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتان کردووە.

 

 
Fly Erbil Advertisment