ناتانیاهۆ داوایەک لە خەڵکی تاران دەکات
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە بنکەی ئاسمانی تەلنۆڤ داوای لە خەڵکی تاران کرد شارەکە چۆڵ بکەن بۆ ئەوەی کاری خۆیان بکەن.
دووشەممە 16ـی حوزەیرانی 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە هاوبەشی وەزیری بەرگریی یسرائیل کاتس، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لە بنکەیەکی ئاسمانی گوتی: "کار بۆ لەناوبردنی مووشەکە بالیستییەکان و پرۆژە ئەتۆمییەکەی ئێران دەکەن، هەموو ئامانجەکانی ئێران دەپێکین بەپێچەوانەی هێرشەکانی ئێران کە هاووڵاتییانی سڤیل دەکاتە ئامانج و ژن و منداڵ دەکوژێت".
ناتانیاهۆ گوتی: ئێمە بە هاووڵاتییانی تاران دەڵێین، شارەکە چۆڵ بکەن، ئێمەش کاری خۆمان دەکەین، هەموو ئەوانەشی بە قارەمانێتی فڕۆکەوانەکان و سەربازەکانی سەر زەوی وەسف کرد، ئاماژەی بەوەشکرد، خەڵکی ئیسرائیل ڕێز لە ئێوە دەگرێت و خەڵکی جیهان ماچتان بۆ دەنێرن، بۆیە سەردەکەوین و بەردەوام بن تا سەردەکەوین.
پاشان یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بە فڕۆکەوانەکانی بنکەکەی گوت: بڕیاری جەنگ لەگەڵ ئێران ئاسان نەبوو، ئێمە تەنها شتێکمان دەزانی، ئەویش ئەوەبوو، پرسەکە یەکلایی بکەینەوە بە پشتیوانی ئێوە، ئێوە دەزانن چۆن ئەنجام بەدەست بێنن، ئەوەی ئێستا لە ئاسمانی تاران دەیبینین، ئەنجامەکەیە، هەموو گەلی ئیسرائیل پشت بە ئێوە دەبەستێت.
سوپای ئیسرائیل بەرە بەیانی هەینی ڕابردوو، 13ی حوزەیرانی 2025، هێرشێکی فراوانی بۆ سەر ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەست پێکرد و لە یەکەم هێرشیدا، شەش زانای ئەتۆمی و ژمارەیەک لە سەردەی سوپای پاسداران و ئەرتەشی ئێرانی کردە ئامانج.
بە گوێرەی ئاژانسی مێهر، حوسێن کرمانپوور، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕایگەیاندووە، دوای تێپەڕبوونی 65 کاتژمێر بەسەر زنجیرە هێرشەکانی ئیسرائیل 224 هاووڵاتی کوژراون، کە لە نێوانیاندا ئافرەت و منداڵیش هەن.
هەروەها ئاماژەیداوە، هەر بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل 1481 هاووڵاتی برینداربوون، کە 1277 کەس لە بریندارەکان تاوەکوو ئێستاش لە نەخۆشخانەکان چارەسەری تەندروستیان بۆ دەکرێت، لە نێویشیاندا %90یان خەڵکی سڤیلن.