بەغدا: خۆپێشاندان دژی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەردەوامە

لە بەغدا سەدان لایەنگری حەشدی شەعبی دژی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران گردبوونەوە و داوادەکەن عێراق بە کردەیی هاوکاری ئێران بکات.
شڤان جەباری پەیامنێری کوردستان24، لە بەغدا ڕاگەیاند: سەدان لایەنگری حەشدی شەعبی لە بەردەم پردی موعەلەق لەناوچەی سەوز لە بەغدا گردبوونەتەوە دژی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و داوا دەکەن هەرچی زووە حکوومەتی عێراق دەستوەردان بکات، دروشمەکانیان دژی ئەمەریکا و داوای داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا دەکەن لە بەغدا.
پەیامنێری کوردستان24، ئاماژەی بەوەکرد، خۆپێشاندەران نیگەرانن لە نەبوونی هیچ هەڵوێستێکی کردارەکی حکوومەتی عێراق بۆ هاوکاری وڵاتی ئێران.
یەکشەممە، 15-06-2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ مەسعود پزیشکییان، سەرۆک کۆماری ئێران کرد.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، سوودانی جەختی لە پابەندبوونی عێراق بۆ ڕێگریی لە فراوانبوونی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل کردەوە و ئاماژەی دا، بە هەوڵەکانی عێراق لە هەموو ڕوویەکەوە بۆ ڕێگریی لە پێشێلکردنی سەروەری و ئاسمانی وڵاتەکەی لە لایەن ئیسرائیلەوە.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە، سوودانی ئامادەیی عێراقی بۆ پێشکەشکردنی هەموو هاوکارییەک بۆ ئێران دەربڕی.
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لەوەش کردووە، سەرۆک کۆماری ئێران سوپاسی عێراقی کردووە، بۆ هەڵوێستەکانی بۆ ڕەتکردنەوەی هەڵسوکەوتەکانی ئیسرائیل و هێرشە دووبارەکانی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە و لە تاوانەکانی دژ بە گەلی فەڵەستین.