بەقایی: ئیسرائیل لە کوشتنی ڕۆژنامەنووسان خاوەنی ژمارەی پێوانەییە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر  باڵەخانەکانی تەلەڤزیۆن و ڕادیۆیەکانی وڵاتەکەی دەکات و گوتی:  ئیسرائیل لە کوشتنی ڕۆژنامەنووسان خاوەنی ژمارەی پێوانەییە.

دووشەممە 16ـی حوزەیرانی 2025، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باڵەخانەکانی تەلەڤزیۆن و ڕادیۆیەکانی وڵاتەکەی نووسیویەتی: هێرش بۆ سەر باڵەخانەکانی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ئێران، تاوانێکی تری دڕندانە بوو. 

هەروەها ئاماژەشی داوە، ئیسرائیل گەورەترین دوژمن و لە کوشتنی ڕۆژنامەنووسان و میدیا پیشەگەرەکانی خاوەنی ژمارەی پێوانەییە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران باسی لەوەش کردووە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت بە بەرپرسیارێتی خۆی بۆ ڕاگرتنی ئەو دەستدرێژیی ئیسرائیل و جینۆساید دژی نەتەوەی ئێران هەەستێت.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بەشێوەیەکی کتوپڕ هێرشی کردە سەر دامەزراوە مووشەکی و ئەتۆمییەکانی ئێران و ئۆپەراسیۆنی "هەستانەوەی شێر"ـی ڕاگەیاند.

هاوکات ئێران لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل، ئەپەراسیۆنی "بەڵێنی ڕاستگۆی 3"ـی ڕاگەیاند، کە تاوەکوو ئێستا چەندین جار هێرشی مووشەکی و درۆنی کردووتە سەر ئیسرائیل.