بلیتی یارییەکانی بارسێلۆنا لە لالیگا هەرزانترینن

یانەی بارسێلۆنا سەرەڕای ئەوەی لەم ساڵانەی دواییە تووشی قەیرانێکی دارایی گەورە بووەتەوە، بەڵام نرخی بلیتی یارییەکانی ئەو یانەیە لە چاو رکابەرەکانی وەکو ریاڵ مەدرید و ئاتلێتیکۆ مەدرید زۆر هەرزانترن و ئەو یانەیە هیچ پلانێکیشێ نیە بۆ بەرزکردنەوەی نرخی بلیتی یارییەکانی.
رۆژنامەی وەرزشی ئاسی ئیسپانی بڵاویکردووتەوە، بەرپرسانی یانە کەتەلۆنیەکە لە ئێستاوە کار لەسەر دانانی نرخی یارییەکانی یانەکەیان لە یاریگای کامپ نۆ دەکەن، بە جۆرێک نرخی بلیتەکانی ئەو یانەیە لە زۆربەی یانەکانی لالیگا هەرزانترە، ئەمەش وایکردووە هەر جارە و ژمارەیەکی بەرچاو لە هاندەرانی یانەکە لە یاریگای یانەکەیان ئامادەبن.
یاریگای کامپ نۆ چەند ساڵێکە کاری نۆژەنکردنەوەی تێدا دەکرێت و بە ئەگەرێکی زۆر بۆ سەرەتای وەرزی داهاتوو کاری نۆژەنکردنەوەی تەواو دەبێت، بۆیە کارگێری یانەی بارسێلۆنا نرخی بلیتی یارییەکانی یانەکەیانی دیاریکردووە، بە جۆرێک گرانترین بلیت نرخەکەی 755 یۆرۆیە و هەرزانترینیشی نرخەکەی 260 یۆرۆیە.
هەرچی نرخی بلیتی یارییەکانی یانەی ریاڵ مەدریدە لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ، هەرزانترینی نرخی دەگاتە نزیکەی 286 یۆرۆیە و نرخی گرانترین بلیتی ئەو یانەیەش نزیکەی 2307 یۆرۆیە. هەروەها هەرزانترین بلیتی یارییەکانی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید لە یاریگای واندا میترۆ پۆلیتانۆ نرخەکەی نزیکی 270 یۆرۆیە و گرانترینیشی نرخەکەی نزیکەی 1360 یۆرۆیە.