لە تەلئەڤیڤ زەنگی ئاگادارکردنەوە لێ درا و هێرشی مووشەکی دەستی پێ کردەوە
سوپای پاسدارانی ئێران دەیەمین شەپۆلی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر ئیسرائیل دەست پێ کردەوە و دەنگی زەنگی ئاگادار کردنەوە لە سەرتاسەری ئیسرائیل لێ دراوە و داوا لە خەڵکی دەکرێت بە پەلە خۆیان بگەیەننەوە نێو پەناگەکان.
سوپای ئیسرائیل لە بارەی هێرشێکی نوێی مووشەکی ئێران ڕایگەیاندووە، چاودێریان کردووە دەیان مووشەک لە ئێرانەوە بە ئاراستەی ئیسرائیل هەڵدراون.
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردووەتەوە، دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز تەلئەڤیڤ و چەند ناوچەیەکی دیکەی ناوەندی ئیسرائیلیان هەژاند.
دوای تێپەڕبوونی نزیکەی کاتژمێرێک بەسەر هێرشە مووشەکییەکە، سوپای ئیسرائیل کۆتایی هاتنی هێرشەکە و مەترسییەکانی ڕاگەیاند و دڵنیایی بە خەڵکی دا، کە دۆخەکە هێور بووەتەوە و دەتوانن لە پەناگەکان بێنە دەرەوە و بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی سوپای ئیسرائیل، لە هێرشەکەی بەرە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 17ی حوزەیرانی 2025، ئێران ژمارەیەک مووشەکی کرووزی هەڵداوە، کە مەزندە دەکەن تەنیا 10 مووشەک بوو بێت، هەروەها میدیاکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کردووە، بەراورد بە هێرشەکانی دیکە، ئەمجارە سیستەمی بەرگری و ڕادارەکانی سوپا درەنگ بە هەڵدانی مووشەکەکانیان زانیوە.
ئێوارەی دوێنێ دووشەممە 16ی حوزەیران، عەلی محەممەد نایینی، گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند بوو، ئەمشەو تاوەکوو بەرە بەیان، بە هێرشی مووشەک و درۆن سەرتاپای ئیسرائیل لە ئاگر هەڵدەکێشن.
ڕاشیگەیاند بوو، لە 72 کاتژمێری سەرەتای هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل 545 درۆنیان بە ئاراستەی ئیسرائیل کردووە.