ئێران هێرشی نوێی مووشەکی کردە سەر ئیسرائیل و بریندار هەن
سێ مووشەکی ئێرانی لە ناوەندی پایتەختی ئیسرائیل کەوتنە خوارەوە. ئاژانسی فارسیش ئاماژە بەوە دەدات: بە درێژایی ئەمڕۆ بە مووشەک هێرش دەکرێتە سەر ئیسرائیل.
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردووەتەوە، بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 17-06-2025، ئێران نزیکەی 30 مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤی پایتەخت و چەند ناوچەیەکی دیکەی ئەو وڵاتە کردوون.
بە گوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، زۆرینەی مووشەکە بالیستییەکانی ئێران لە لایەن سیستەمی بەرگریی ئیسرائیلەوە خراونەتەوە خوارەوە، بەڵام سێ دانەیان لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی تەلئەڤیڤی پایتەخت کەوتوونەتە خوارەوە و زیانیان بە چەند باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون گەیاندووە.
دەستەی فریاگوزاریی ئیسرائیل باسی لەوە کردووە، پێنج کەس لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکەی ئێڕان بریندار بوون و بەشێکی دیکەشیان لە ژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندا گیریان خواردووە.
ئاژانسی هەواڵی "فارس"ـی ئێرانیش بڵاوی کردووەتەوە، سوپای ئەو وڵاتە هێرشێکی نوێی مووشەکی کردووەتە سەر ئیسرائیل و هەڵمەتەکەش بە درێژایی ئەمڕۆ سێشەممە، 17-06-2025، بەردەوام دەبێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە ئێوارەی دوێنی دووشەممەوە، 16-06-2025، ئێران زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی کردووەتە سەر ئیسرائیل. بەرپرسانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندبوو، هێرشە مووشەکییەکانی شەوی ڕابردووی ئێران، هیچ زیانێکی ئەوتۆیان نەبووە.