ترەمپ کۆبوونەوەی G7ـی بەجێ هێشت و بەپەلە کۆبوونەوەیەک لە واشنتن ڕێک دەخات
سەرۆکی ئەمەریکا کۆبوونەوەی G7ـی بەجێ هێشت و بەپەلە لەگەڵ ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی کۆ دەبێتەوە.
سێشەممە، 17-06-2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کۆبوونەوەی گرووپی حەوت (G7)ـی لە کەنەدا بەجێ هێشت و ڕایگەیاند، بۆ کارێکی زۆر پێویست و گرنگ دەبێت بگەڕێتەوە واشنتن.
میدیاکانی ئەمەریکا بڵاویان کردووەتەوە، ترەمپ داوای لە ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا کردووە بۆ کۆبوونەوەیەکی بە پەلە، لە کۆشکی سپی ئامادە بن.
میدیاکانی ئەمەریکا باسیان لەوەش کردووە، لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتیی ترەمپ، بڕیار دەدرێت ئاخود ئەمەریکا بەشداریی شەڕی ئێران و ئیسرائیل دەکات یان نا.
ئەم ئەنجوومەنە، لە وەزیری بەرگری و وەزیری دەرەوە و بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانی و ڕاوێژکاری باڵای ئاسایشی نیشتمانی سەرۆک پێک دێت و ئەرکیان ڕاوێژکردنە بە ترەمپ سەبارەت بە بڕیارەکان بۆ بە پرسەکانی ئاسایش و سیاسەتی دەرەوە.