ترەمپ: ماکرۆن نازانێت بۆچی گەڕاومەتەوە واشنتن، بابەتەکە زۆر لە ئاگربەست گەورەترە

سەرۆکانی ئەمەریکا، کەنەدا و فەرەنسا لە کۆبوونەوەی گرووپی7 (وێنە: AFP)
سەرۆکانی ئەمەریکا، کەنەدا و فەرەنسا لە کۆبوونەوەی گرووپی7 (وێنە: AFP)

سەرۆکی ئەمەریکا ڕەتی دەکاتەوە بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و ئێران گەڕابێتەوە واشنتن و دەڵێت: بابەتەکە زۆر لە ئاگربەست گەورە ترە.

سێشەممە، 17-06-2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'تروس سۆشیاڵ' نووسیویەتی "ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کە حەزی لە خۆدەرخستنە، هەڵەی کرد کاتێک گوتی، کۆبوونەوەی گرووپی7ـم بەجێ هێشتووە تا بگەڕێمەوە واشنتن و کار لەسەر ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێران بکەم. بەدڵنیاییەوە وا نییە."

سەرۆکی ئەمەریکا، لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەیدا باسی لەوە کردووە "ئەو، واتە ماکرۆن، نازانێت  من بۆچی دەگەڕێمەوە واشنتن، گومانی تێدا نییە هیچ پەیوەندییەکی بە ئاگربەستەوە نییە. بابەتەکە زۆر لەوە گەورەترە. بەمەبەست بێت یان نا، ئیمانوێل هەمیشە هەڵە دەکات."

 ترەمپ، چەند کاتژمێرێک پێشتریش، پۆستێکی دیکەی لەبارەی شەڕی ئێران و ئیسرائیل کردبوو و وێرای دڵگرانی خۆی لە نەگەیشتنە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران، نووسیویەتی: پێویستە سەرجەم دانیشتووانی تاران دەستبەجێ شارەكە بەجێ بهێڵن. 

ترەمپ باسی لەوەش کردووە "دەبوو ئێران ئەو ڕێککەوتنەی كە من ئاماژەم پێ كردبوو، ئیمزا بكردایە. ئەوە جێگەی داخە، بە ڕوونی ئەوە ڕاگەیەندرا کە ئێران ناتوانێت چەکی ئەتۆمی هەبێت و زۆرجار ئەمەم دووپات كردەوە. بۆیە پێویستە دەستبەجێ خەڵك تاران بەجێبهێڵن."

سێشەممە، 17-06-2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کۆبوونەوەی گرووپی حەوت (G7)ـی لە کەنەدا بەجێ هێشت و ڕایگەیاند، بۆ کارێکی زۆر پێویست و گرنگ دەبێت بگەڕێتەوە واشنتن. 

میدیاکانی ئەمەریکا بڵاویان کردووەتەوە، ترەمپ داوای لە ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا کردووە بۆ کۆبوونەوەیەکی بە پەلە، لە کۆشکی سپی ئامادە بن.

میدیاکانی ئەمەریکا باسیان لەوەش کردووە، لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتیی ترەمپ، بڕیار دەدرێت ئاخود ئەمەریکا بەشداریی شەڕی ئێران و ئیسرائیل دەکات یان نا. 

ئەم ئەنجوومەنە، لە وەزیری بەرگری و وەزیری دەرەوە و بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانی و ڕاوێژکاری باڵای ئاسایشی نیشتمانی سەرۆک پێک دێت و ئەرکیان ڕاوێژکردنە بە ترەمپ سەبارەت بە بڕیارەکان بۆ بە پرسەکانی ئاسایش و سیاسەتی دەرەوە.