ئەڵمانیا سزای بەندکردنی هەتا هەتایی بۆ پزیشکێکی سووری دەرکرد
ئەڵمانیا بە تۆمەتی تاوانی دژی مرۆڤایەتی، سزای بەندکردنی هەتا هەتایی بۆ پزیشکێکی سووری دەرکرد.
دادگای ئەڵمانیا دوای زیاتر لە 186 دانیشتن و وەرگرتنی گوتەی چەندین قوربانی و شایەتحاڵ، بڕیاری کۆتایی لەسەر تاوانەکانی ئەو پزیشکەی سەردەمی ڕژێمی ئەسەد دەرکرد کە تاوانی زۆری دژ بە گەلی سوریا کردووە.
دادگای باڵای فرانکفۆرت، لە کانوونی دووەمی 2022 دەستی بە لێکۆڵینەوەکان کرد دەربارەی ئەو تاوانانەی پزیشکێکی تەمەن 40 ساڵەی سووری لەسەردەمی ڕژێمی بەشار ئەسەد دژی هاووڵاتییانی سووری کردوونی، 186 دانیشتنی دادگا بۆ گەیشتن بەدوا بەڵگە و زانیاری لەبارەی تاوانەکانی ئەو پزیشکە کە تێیدا 50 شایەتحاڵ و قوربانیی لەگەڵ چەندین یاسا ناس بەشدارییان تێدا کرد، بەڕێوە چوو.
دادگای باڵای فرانکفۆرت، بەپێی یاسای تایبەتمەندێتی ئەڵمانیا، تۆمەتی تاوانی ئەشکەنجەدانی ئۆپۆزسیۆنەکانی دژ بە ئەسەدی لە زیندانی سەربازی و نەخۆشخانەکانی حمس و دیمەشق لە ساڵانی 2011 و 2012ـی خستە پاڵ (عەلام)ـی پزیشکی سووری.
پزیشکە سووریەکە دوا گوتەی لە دادگاییەکە لێ وەرگیرا و گوتی: من بێتاوانم، ئەوەی لەبارەی منەوە دەگوترێت، پیلانگێڕییە. لەبارەی دادگایی کردنەکەشی، پزیشکەکە گوتی: ئەم بڕیارە یەکەمین بڕیارە دەربکرێت لەبارەی کەیسێک کە خەڵکێک لە سووریا تێیدا تۆمەتبارن و سەر بە ڕژێمی ئەسەد بوون، دەستیان هەبووە لە ئەشکەنجەدانی هاووڵاتییانی سووری.
لە کانوونی یەکەمی 2024ـەوە، ئەڵمانیا دادگایی چەندین بەرپرسی سووری کردووە بەتۆمەتی ئازاردان و ئەشکەنجەدانی هاووڵاتییانی سووری لەسەردەمی حوکمڕانی بەشار ئەسەد، لەگەڵ ئەوەی حکوومەتی ئەودەمی سووریا، ڕەتی دەکردەوە ئەشکەنجەی زیندانییەکان بدات.