گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری: فەرمان دراوە بە توندی بەرەنگاری سیخوڕانی ئیسرائیل ببینەوە
دەسەڵاتی دادوەری ئێران ڕایگەیاند، لەمەودوا بەبێ دواکەوتن دەبێت سیخوڕانی ئیسرائیل دادگایی بکرێن و سزای توند بدرێن.
سێشەممە،17ـی حوزەیرانی 2025، ئەسغەر جیهانگیری، گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ کەناڵی 3ـی ئێران گوتی: "سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری فەرمانی داوە بۆ پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتیان، دەبێت زۆر بە توندی بەرەنگاری 'سیخوڕەکانی ئیسرائیل' ببینەوە."
گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران گوتیشی: "فەرمان بە گشت دادگاکانی پارێزگاکانی ئێران دراوە، لە کاتی دەستگیرکردنی ئەو سیخوڕانەدا یەکسەر دۆسییەیان بۆ بکرێتەوە و بێ دواکەوتن دادگایی بکرێن و بە سزای تاوانە چەپەڵەکانیان بگەیەنرێن، تاوەکوو ببنە نموونە بۆ هەموو ئەوانەی هاوکاریی ڕژێمی زایۆنیی تاوانبار دەکەن."