سوپای پاسداران: هێرشمان کردە سەر دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل

سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، هێرشێکی مووشەکی وردیان کردووەتە سەر بارەگای مۆساد لە تەلئەڤیڤ، کە بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە بارەگاکە، جەختیان لەسەر بەردەوامیی وەڵامدانەوەی هێرشەکان و دەستەبەرکردنی ئاسایشی وڵات کردەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 17ـی حوزەیرانی 2025، سوپای پاسدارانی ئێران ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە "هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هێرشێکی ورد و کاریگەریان کردە سەر ناوەندی هەواڵگریی سەربازی سوپای ئیسرائیل کە بە 'ئەمان' ناسراوە، جگە لە ناوەندی پلاندانان و تیرۆری سەر بە مۆساد لە تەلئەڤیڤ."

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "سەرەڕای سیستەمی بەرگری ئاسمانی زۆر پێشکەوتووی ئیسرائیل، هێرشەکەمان ئامانجەکانی پێکا و لە ئەنجامدا ئاگر لەو شوێنانە کەوتووەتەوە، ئەمەش گورزێکی ستراتیجی بوو لە دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیلمان دا."

سوپای پاسداران ڕوونیشی کردەوە،"ئەم هەڵمەتە، لە چوارچێوەی وەڵامدانەوەی یەکلاکەرەوەیە بۆ هێرشەکان، هەروەها بەردەوام دەبین لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی هاووڵاتیانمان."