ئەو ناوبژیوانەی رۆناڵد رقی لێیەتی یاری ریاڵ مەدرید بەڕێوەدەبات

کریستیانۆ رۆناڵدۆ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ

یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیا لە یەکەم یاری خۆی لە مۆندیالی یانەکان، بڕیارە سبەی چوارشەممە 18ـی حوزەیرانی 2025 رووبەڕووی یانەی هیلالی سعوودی ببێتەوە، بڕیاریشە فاکوندۆ تیۆ ناوبژیوانی ئارجێنتینایی یارییەکە بەڕێوەبباتەوە.

فاکوندۆ تیۆ ناوبژیوانی ئارجێنتینایی بۆ پۆرتوگوڵییەکان و کریستیانۆ رۆناڵدۆ کەسێکی شوومە، ئەو ناوبژیوانە بە گووتەی بەشێک لە یاریزانەکانی هەڵبژاردەی پۆرتوگاڵ و هاندەرانی ئەو هەڵبژاردەیە، بووە هۆکاری دۆڕانی هەڵبژاردەکانی لە جامی جیهانی 2022 بەرامبەر هەڵبژاردەی مەغریب لە قۆناغی چارەکی کۆتایی.

دوای یارییەکەی پۆرتوگاڵ بەرامبەر مەغریب لە مۆندیالی رابردوو، پێپێ بەرگریکاری هەڵبژاردەی پۆرتوگاڵ رایگەیاند، کاتێک پێش یارییەکە ئاگادار کرانەوە ناوبژیوانێکی ئارجێنتینایی بۆیان دیاریکراوە، ئەو کاتە زانیان مۆندیالەکە بۆ ئارجێنتینا ئامادەکراوە.

فاکوندۆ دوای یارییەکەی نێوان پۆرتوگاڵ و مەغریب هیچ یارییەکی دیکەی مۆندیالی هەڵبژاردەکانی بەڕێوە نەبرد. ئەو ناوبژیوانە یەکێک لە ناوبژیوانە بەشداربووەکانی مۆندیالی یانەکان و بڕیارە سبەی یاری نێوان ریاڵ مەدرید و هیلال بەڕێوەببات.

 
Fly Erbil Advertisment