ئیسرائیل چەند شوێنێکی لە تاران بۆردومان کرد

تارانی پایتەختی ئێران. وێنە:AFP
تارانی پایتەختی ئێران. وێنە:AFP

سوپای ئیسرائیل لە زنجیرەیەک هێرشدا، چەندین شوێنی لە تاران بۆردومان کرد، هاوکات هۆشداریشی دا دانیشتووانی پایتەختی ئێران، تا چۆڵی بکەن.

سوپای ئیسرائیل سەرلە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 18ـی حوزەیرانی 2025، لە ڕاگەینەراوێکدا ئاشکرای کرد، کە زنجیرەیەک هێرشی کردووەتە سەر چەندین شوێن لە تارانی پایتەختی ئێران.

مێدیاکانی ئێران باسیان لە تەقینەوەیەکی بەرفراوان کردووە کە ڕۆژهەڵاتی تارانی هەژاندووە. هەروەها دیمەنی سێ تەقینەوەیان لە شاری ئەبهەر لە پارێزگای زەنجان و هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر زانکۆی ئیمام حسێن کە پەیوەندی بە سوپای پاسدارانەوە هەیە لە ڕۆژهەڵاتی تاران بڵاو کردەوە.

لای خۆیانەوە مێدیا ئیسرائیلییەکان لە زاری کاربەدەستانی سەربازیی ئیسرائیلەوە ڕایانگەیاندووە، کە هێزەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردووەتە سەر کۆمەڵگەی پەرەپێدانی مووشەک لە ڕۆژهەڵاتی تارانی پایتەخت.

ئەمەش دوای ئەوە هات کە سوپای ئیسرائیل فەرمانی چۆڵکردنی دانیشتووانی ناوچەی 18ـی تاران دەرکرد، لە بەرانبەردا سوپای پاسدارانیش هۆشدارییەکی بە زمانی عیبری بڵاو کردەوە و داوای لە دانیشتووانی لە تەلئڤیڤ کرد کە دەستبەجێ شارەکە چۆڵ بکەن.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، سوپای پاسدارانی ئێران لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راستگۆیی3"، نزیکەی 30 مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، لە بەرانبەردا ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر تارانی پایتەخت دەست پێ کرد و چەندین شوێنی بۆردومان کرد.

 
Fly Erbil Advertisment