چین: نزیکەی 800 هاووڵاتی وڵاتەکەمان لە ئێرانەوە بۆ شوێنێکی سەلامەت گەڕاندوونەتەوە
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ڕایگەیاند، نزیکەی 800 هاووڵاتی وڵاتەکەیان لە ئێران بۆ شوێنێکی سەلامەت گواستوونەتەوە، هەروەها کار بۆ گەڕاندنەوەی هەزار هاووڵاتی دیکە دەکەن.
چوارشەممە 18ـی حوزەیرانی 2025، وا چاکون، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ڕایگەیاند، دوای شەڕە مووشەکییەکەی ئێران و ئیسرائیل، 791 هاووڵاتی وڵاتەکەیان لە ئێرانەوە بۆ شوێنێکی سەلامەت گواستوونەتەوە.
ئاماژەشی داوە، کار لەسەر ئەوە دەکەین زیاتر لە هەزار هاووڵاتی دیکەی چینی لە ئێرانەوە بگەڕێنینەوە یان بۆ شوێنێکی سەڵام بیانگوازینەوە.
وا چاکون باسی لەوەش کرد، ژمارەیەک هاووڵاتییان لە ئیسرائیلیش گەڕاندوونەتەوە.
هەروەها سوپاسی ئەو لایەنانە کرد کە لە گەڕاندنەوە و گواستنەوەی هاووڵاتییانی وڵاتەکەی هاوکارییان کردووە.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بەشێوەیەکی کتوپڕ هێرشی کردە سەر دامەزراوە مووشەکی و ئەتۆمییەکانی ئێران و ئۆپەراسیۆنی "هەستانەوەی شێر"ـی ڕاگەیاند.
لای خۆیەوە ئێران لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل، ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی ڕاستگۆی 3"ـی ڕاگەیاند.