ئیسرائیل: مووشەکەکانی ئێران دوو هەزار خێزانی ئیسرائیلییان ئاوارە کردووە
کەناڵی 12ـی ئیسرائیل، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی حوزەیرانی 2025، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی ئێران بۆسەر ئیسرائیل، نزیکەی دوو هەزار خێزان بێماڵ و حاڵ و ئاوارە بوون.
هەروەها سوپای ئیسرائیل، لەبەیاننامەیەکدا بەرەبەیانی ئەمڕۆ ڕایگەیاند "ئێستا هێزی ئاسمانی ئیسرائیل شەپۆلێکی دیکەی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران دەست پێ کردووە."
سوپا، هۆشداریی بەپەلەی چۆڵکردنی بە دانیشتوان، کرێکاران و ئەوانەی لە ناوچەی "ئەراک-خونداب"دەژین و کار دەکەن، دا. ئاماژەی بەوە دا "ژێرخانی سەربازیی سەر بە ڕژێمی ئێران لە ئەراک-خۆنداب بۆمباران دەکەین."
میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە "بەرگریی ئاسمانیی لە ئەسفەهان، کەرەج و ڕۆژهەڵات و باشووری تاران دانراوە"، ئاماژەیان بەوە کردووە "تەقینەوە لە شارەکانی فەردیس، کەرەج و مەلارد لە ڕۆژئاوای تاران و لە باقرشەهر و ئیسلام شەهر لە باشووری تاران ڕووی داوە."
باسیان لەوەش کرد "بەرگرییە ئاسمانییەکان ڕێگرییان لە هێرشەکانی دوژمن کردووە لەو ناوچانەدا."
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی ئێران، هاوکات ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زاناکانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.
لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی بە سەدان مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر تەلئەڤیڤ و حەیفا و چەندین باڵەخانە و خانوو، بەو هۆیەوە خاپوور بوون.