سوپای پاسداران: بە مووشەکی فەتاح کە لە دەنگ خێراترە، ئیسرائیلمان بۆمباران کرد
سوپای پاسداران ڕایگەیاند، لە شەشەم ڕۆژی شەڕەکەدا مووشەکی فەتاح کە لە دەنگ خێراترە، لە دوا هێرشی ئێراندا بۆ سەر ئیسرائیل بەکار هاتووە.
لە بەیاننامەیەکی تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێراندا، سوپای پاسداران، ئاماژەی بەوە کرد، لە یانزەهەمین هێرشی(بەڵێنی ڕاست3)، مووشەکی(فەتاح1)ـیان بەکار هێناوە، بەمەش، هێزەکانی ئێران دەسەڵاتی تەواویان بەسەر خاکی ئیسرائیلدا سەپاند.
لە بەیاننامەکدا، سوپای پاسداران دەڵێت: مووشەکی(فەتاح) پەیامێک بوو(توانای ئێران)ـی نیشانی هاوپەیمانەکانی ئیسرائیل دا. ئەمە دووەم جارە، سوپای پاسداران ڕایدەگەیەنێت، مووشەکی(فەتاح) دژی ئیسرائیل بەکار دێنێت.
شارەزا سەربازییەکان پێشبینی دەکەن، مووشەکی(فەتاح) کە لە دەنگ خێراترە، تەکنەلۆجیاکەی چینی بێت. لە تشرینی دووەمی ساڵی 2023، سوپای پاسداران ئاشکرای کرد، لە هەوڵی ئەوەدان مووشەکی(فەتاح2) بەرهەم بێنن. ئەمەش کاتێک ئاشکرا کرا، کە ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران عەلی خامنەیی سەردانی پیشانگای هەمیشەیی( بەرنامە موشەکی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان)ـی سووپای پاسدارانی لەنزیک فڕۆکەخانەی میهرئاباد، لە ڕۆژئاوای تاران کرد. سوپای پاسداران هیچ زانیارییەکی لەبارەی خەسڵەتەکانی مووشەکی(فەتاح2) ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ڕۆژنامەی(هەمشەهر)ـی ئێرانی لە ڕاپۆرتێکدا باسی خەسڵەتەکانی مووشەکی(فەتاح)ـی کردووە کە دەتوانێت 1400 کیلۆمەتر ببڕێت، کاتی زۆریشی پێویست نییە بۆ دروستکردنی بەراورد بە مووشەکی(فەتاح1).
ئاژانسی تەسنیم، کە سەر بە فەرمانگەی ڕاگەیاندنی سوپای پاسدارانە، ئاماژەی بەوە کردووە، هێرشە مووشەکییەکەی شەوی ڕابردوو سەلماندی، سوپای پاسداران دەسەڵاتی تەواوی بەسەر ئاسمان و خاکی ئیسرائیلدا هەیە، خەڵکی ئیسرائیل ئێستا هیچ پەناگەیەکیان نییە بەرانبەر هێرشە مووشەکییەکانی ئێران.