ئیسرائیل 18 فەڵەستینی کوشت کە لە چاوەڕوانی وەرگرتنی هاوکاریی مرۆیی بوون

بەرگریی شارستانی کەرتی غەززە ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئیسرائیل 18 کەس لە کەرتی غەززە کوژران، کە چاوەڕوانی وەرگرتنی هاوکاریی مرۆیی بوون.

پێنجشەممە، 19ـی حوزەیرانی 2025، محەممەد مغیر، بەڕێوەبەری هاوکارییە پزیشکییەکان لە بەرگریی شارستانی، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند "بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئیسرائیل لە نزیک نەتساریم هێرشی کردە سەر ئەو هاووڵاتییانەی غەززە کە لە چاوەڕوانی وەرگرتنی هاوکاریی مرۆیی بوون."

محەممەد مغیر، ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئەنجامی ئەو هێرشەی ئیسرائیلدا 18هاووڵاتی غەززەیی کوژران.

لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و زیاتر لە 250 کەسی بەبارمتە گرت، دەیانی دیکەش کوژران، دواتر ئیسرائیل هێرشی چڕی کردە سەر کەرتی غەززە و تاوەکوو ئێستاش بەردەوامە.

لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، تاوەکوو ئێستا 55 هەزار و 432 کەس کوژراون، کە 18 هەزاریان منداڵن، 12 هەزار و 400 کەسیان ئافرەتن، هەروەها 11 هەزار و 200 کەس بێسەروشوێنن کە لەو ژمارەیە 4700 منداڵ و ئافرەتن. هەروەها زیاتر لە 150 هەزار کەسیش بریندار بوون.