ئێران: بۆمبارانکردنی دامەزراوەی ئەتۆمیی ئاوی قورسی خەنداب کاریگەریی لەسەر دەوروبەرەکەی نابێت

ئیسرائیل دامەزراوەیەکی ئەتۆمی لە پارێزگای ئەراک، لە ناوەڕاستی ئێران بۆمباران کرد و ناوەندی پەیوەندییە گشتییەکانی کۆمەڵەی وزەی ئەتۆمی ئێرانیش دەڵێت: بەم هێرشە، ئیسرائیل پێشێلی یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی کردووە.

پێنجشەممە، 19-06-2025، سوپای ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، لە چوارچێوەی هێرشەکاندا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێران، لە سنووری پارێزگای ئەراک، سەنتەرفیوجی دامەزراوەی ئەتۆمیی شارەکەیان وێران کردووە، کە ڕۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە بەرهەمهێنانی پلۆتۆنیۆم.

سوپای ئیسرائیل ئاشکراشی کردووە، هۆی بۆمبارانکردنی ئەو سەنتەرفیوجە، توانای بەرهەمهێنانی پلۆتۆنیۆم گەیشتبووە ئاست و ڕێژەیەک بەرز، کە دەستگەیشتنی بە چەکی ئەتۆمی ئاسانتر دەکرد.

بە گوێرەی بڵاوکراوەکەی سوپای ئیسرائیل، ئەو دامەزراوە ئەتۆمییەی ئێران بە گوێرەی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان، دەبووایە ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی بە ئاستێک نزم بووایە، بەڵام بە گۆڕینی سەنتەرفیوجەکان وڵاتانی ڕۆژئاوای فریو داوە و بە ئاستێکی بەرز پەرەی بە پیتاندن داوە.

 ناوەندی پەیوەندییە گشتییەکانی کۆمەڵەی وزەی ئەتۆمی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هێرشەکە، ئاماژەی داوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19-06-2025، ئیسرائیل هێرشی کردووەتە ناوەندیی توێژینەوە و کۆمەڵەی ئاوی قورسی شەهیدانی خەنداب لە پارێزگای ئەراک.

هەروەها ڕایگەیاند، هەرچەندە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام ئیسرائیل بەم هێرشەی پێشێلی یاسا نێودەوڵەتییەکانی کردووە، کە هێرشی سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی قەدەغە کردووە. 

ناوەندی پەیوەندییە گشتییەکانی کۆمەڵەی وزەی ئەتۆمی ئێران، دڵنیایی دەدات لەوەی هیچ مەترسیەک لە سەر دانیشتووانی ناوچەکە و دەوروبەری دامەزراوەکە نییە.