ئایشەگول دۆغان: پرۆسەی ئاشتی بەردەوامە

ئایشە دۆغان
ئایشە دۆغان

گوتەبێژی دەم پارتی ئاشکرای دەکات، لەبارەی هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی، خەڵکی تورکیا زۆر پرسیار لە دەم پارتی دەکەن و پێیان وایە ئەمە تەنها ئەرکی دەم پارتییە، دەڵێت: سوپاسییان دەکەین کە پێیان وایە ئەرکە سەرەکییەکە لەسەر دەم پارتییە، بەڵام ئەمە ئەرکی هەموو لایەنەکانە بە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتەوە.

پێنجشەممە، 19ـی حوزەیرانی 2025، ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لە ئەنقەرە ڕایگەیاند "خەڵکی تورکیا ڕەخنەمان لێ دەگرێت و دەڵێن چاوەڕێین هەنگاوێکی خێرا لە پرۆسەی ئاشتی بەدی بکەین." دۆغان گوتی: کاری خۆمان بەپێی پلان دەکەین ، دەم پارتی لەنێو خەڵکدا دەبێت و باسی پرۆسەی ئاشتی دەکات، مافی خەڵکە ڕەخنە لە پرۆسەی ئاشتی بگرێت، تورکیا ئەگەر بیەوێت بابەتی دیموکراسی و بابەتی کورد چارە بکات، پێویستە بزانێت ئەمە تەنیا کێشەی دەم پارتی نییە، کێشەی تەواوی لایەنەکانە.

گوتەبێژی دەم پارتی گوتیشی: نابێت تەنها دەم پارتی کار لەسەر پرۆسەی ئاشتی بکات، دەبی هەمووان لە ئۆپۆزسیۆنەوە تا دەسەڵات هەست بە بەرپرسیارەتی بکەن و کار بۆ سەرخستنی پرۆسەکە بکەن.

ئایشەگول دۆغان گوتی: خەڵک پرسیار لە قۆناغەکانی پرۆسەی ئاشتی دەکەن، پەکەکە کۆنگرەی خۆی کرد و بڕیاری دا چەک دابنێت، ئەمە بۆ پرۆسەی ئاشتی زۆر گرنگ بوو، لەسەر ئەم بڕیارەی پەکەکە، لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن و ڕای گشتی قسەمان کرد، لەگەڵ دەسەڵاتیش گفتوگۆی چڕمان کرد، ئێمە هەمیشە کار بۆ سەرخستنی پرۆسەکە دەکەین و پشوو نادەین. داوا دەکەین بەزووترین کات هەنگاوی کردەیی بۆ پرۆسەی ئاشتی بنرێت، خۆشمان هەوڵ بۆ ئەوە دەدەین، لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پرۆسەکە دەکەین.

گوتەبێژی دەم پارتی وەک وەڵامێک بۆ پرسیارەکانی خەڵکی تورکیا لەبارەی پرۆسەی ئاشتی گوتی: هەنگاوەکان بەردەوامن و پرۆسەکە نەوەستاوە.