مەترسیی تیشکدانەوەی ئەتۆمی ئێران، حکوومەتی عێراقی کۆ کردەوە
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی کرد بۆ بەدواداچوونی ڕێکارەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنی ناوەندی فریاکەوتن بۆ تیشکدانەوەی ئەتۆمی.
پێنجشەممە، 19ـی حوزەیرانی 2025، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد "ئەمڕۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەگەڵ ژووری ئۆپەراسیۆنە ناوەندییەکان بۆ فریاگوزاری تیشکدانەوەی ئەتۆمی کۆ بووەوە. ئاماژەی بەوەش دا، کۆبوونەوەکە بۆ پێداچوونەوە بە پلانی نیشتمانی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووداوە ئەتۆمییەکان بووە، کە لە ساڵی 2023 پەسەند کراوە، بۆ هەڵسەنگاندنی ئامادەیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی حاڵەتە نائاساییە ئەگەرییەکان."
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "پێداچوونەوە بە ڕێکارە خۆپارێزییەکان دەکرێت، هەروەها پێداچوونەوە بە ڕۆڵ و بەرپرسیارێتی ئەو لایەنانەی بەشدارن لە پلانی نیشتمانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووداوەکانی تیشکدانەوە، دەکرێت،"
ڕوونیش کراوەتەوە، سوودانی لە لایەن پسپۆڕانی ئەم دۆسییەوە، ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و کاریگەریی هەر حاڵەتێکی نائاسایی لەسەر وێستگەکانی پیتاندنی عێراقیان بۆ ڕوون کردووەتەوە، هەروەها جەخت کراوەتەوە، کە هیچ بوونی تیشکێک لە عێراق تۆمار نەکراوە.
سوودانی، بە بەردەوام لە پەیوەندیدایە لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکان، ئەمەش بەهۆی ئەوەیە کە عێراق ئەندامی ڕێککەوتننامەی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەیە لە ڕووداوە ئەتۆمییەکان.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، بەردەوام زانیاری و داتای دروست لە ئەگەری ڕوودانی حاڵەتی لەناکاو بەعێراق دەدرێت، هەروەها عێراقیش بەردەوامە لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر بارودۆخێکی لەناکاو لە سەرجەم پارێزگاکاندا.
ئەوەش لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "سوودانی ڕێنمایی داوە کە ژووری فریاکەوتنی تیشکدانەوە بەردەوام لەکار بن بەمەبەستی چاودێریکردنی دۆخی تیشکدانەوە لە دەرەوەی سنوورەکانی عێراق."