سوپاسالاری ئێران: دەست لە هیچ شوێنێکی ئیسرائیل ناپارێزین

عەبدولڕەحیم مەوسەوی، سوپاسالاری کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەڕەشەی چڕکردنەوەی هێرشەکانی سەر ئیسرائیل دەکات و دەڵێت: هێرش دەکەیەنە سەر هەموو شوێنێکی ئیسرائیل و هیچ سنوورێک لەبەردەمماندا نییە.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاوی کردووەتەوە، سوپاسالار مەوسەوی، لە میانەی بەسەرکردنەوەی بنکەیەکی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانی ئێران گوتی: ئۆپەراسیۆنی هێرشە مووشەکییەکان وەڵامێکی کەمەرشكێن و وردی هێزەکانی ئاسمانین.

ڕاشیگەیاندووە، بە پشتیوانیی خوا هەموو ئامانجێکی ڕژێمی داگیرکار و دەست درێژکاری ئیسرائیل دەپێکن و بەبێ سڵ کردنەوە لە هێرشەکان بەردەوام دەبن.

سوپاسالاری ئێران هەڕەشەی کرد و دەڵێت: هێزەکانی ئێران هێرشی سەر هەموو بنکە و خاڵە هەستیارەکانی ڕژێمی ئیسرائیل دەکەن، لە ئاستی هیچ شوێنێکی ئیسرائیل چاوداناخەن و سڵ ناکەنەوە.

ئەمڕۆ، حەوت ڕۆژ بەسەر جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران تێپەڕ دەبێت، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ـی حوزەیران، سوپای پاسدارانی ئێران بە 25 مووشەک تەلئەڤیڤ و حەیفای بۆمباران کرد، لەچوارچێوەی هێرشەکەیدا نەخۆشخانەی سۆرۆکای مووشەکباران کرد؛ بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی بەشێک لە میدیاکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، ژێر زەمینی نەخۆشخانەی سۆرۆکا شوێنێکی سەربازیی بووە، بۆیە هێرشیان کردووەتە سەر.