پیسكۆڤ: ئه‌مه‌ریكا ده‌ستوه‌ردان له ململانێی ئیسرائیل و ئێران بكات، شه‌ڕێكی هه‌رێمیی هه‌ڵده‌گیرسێت

گوته‌بێژی كۆشكی سه‌رۆكایه‌تیی ڕووسیا (كرێملن) ده‌ڵێت، پێویسته ئه‌مه‌ریكا خۆی له شه‌ڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران هه‌ڵنه‌قورتێنێت؛ هۆشداریش ده‌دات ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا ده‌ستوه‌ردان بكات، شه‌ڕێكی هه‌رێمیی به‌رپا ده‌بێت.
پێنجشه‌ممه، 19ـی حوزه‌یرانی 2025، دیمیتری پیسكۆڤ، گوته‌بێژی كۆشكی سه‌رۆكایه‌تیی ڕووسیا (كرێملن) له گوته‌یه‌كدا له میانی كۆڕبه‌ندی ئابووریی سان پوتربۆرگ ڕایگه‌یاند، هه‌ر خۆتێهه‌ڵقورتاندێكی ئه‌مه‌ریكا له شه‌ڕی ئیسرائیل و ئێران، ده‌بێته هۆی به‌رده‌وامی شه‌ڕه‌كه و ناوچه‌كه ڕووبه‌ڕووی شه‌ڕێكی گه‌وره ده‌كاته‌وه.
سێشه‌ممه، 17ـی حوزه‌یرانی 2025، دیمیتری پیسكۆڤڕایگهیاند، ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی ڕووسیا ئاماده‌یی خۆی بۆ نێوه‌ندگیریی له نێوان ئیسرائیل و ئێران به بنیامین ناتانیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل ڕاگه‌یاندووه.
دیمیتری پیسكۆڤ هه‌روه‌ها گوتبووی، هه‌ستیان به‌وه كردووه، ناتانیاهۆ بۆ قبووڵكردنی نێوه‌ندگیری و چاره‌ی ئاشتییانه‌ی كێشه‌كان له‌گه‌ڵ ئێران، پارێزه‌یی ده‌كات. هاوكات داوای له هه‌ردوو وڵات كردووه، تائه‌وپه‌ڕی دان به خۆیاندا بگرن و په‌نا ببنه‌وه به‌ر چاره‌ی سیاسی و دیپلۆماتی.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.
لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.