گوتەبێژی کۆشکی سپی: لە دوو هەفتەی داهاتوودا ترەمپ بڕیار لەبارەی شەڕی دژ بە ئێران دەدات

گوتەبێژی کۆشکی سپی ڕاگەیاند: نابێت کەس لە هەڵوێستی ترەمپ سەبارەت بە ئێران تووشی سەرسوڕمان بێت و ترەمپ کات و هەوڵی زۆری داوە بۆ گەیشتن بە چارەسەری دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران.

 کارۆلاین لیڤت، گوتەبێژی کۆشکی سپی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی حوزەیرانی 2025، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند: پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و ئێران دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بەردەوام بووە، نابێت کەس لە هەڵوێستی ترەمپ سەبارەت بە ئێران تووشی سەرسوڕمان بێت، بۆ گەیشتن بەچارەسەری دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران، دەرفەتێکی گەورە هەیە بۆ دانووستان لەگەڵ ئێران، ڕەنگە ئەمە بکرێت و ڕەنگە نەکرێت.

کارۆلاین لیڤت، گوتی: لە دوو هەفتەی داهاتوودا ترەمپ بڕیار لەبارەی بەشداریکردن لە جەنگی دژبە ئێران دەدات و کاری لە پێشینەی دۆناڵد ترەمپ لە ئێستادا ئەوەیە نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ترەمپ کات و هەوڵی زۆری داوە بۆ گەیشتن بە چارەسەری دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران،ئەو ڕێککەوتنەی لەلایەن ویکتۆف بە ئێرانییەکان پێشنیازکرا واقیعی و قبوڵکراو بوو.

گوتەبێژی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا ئێران لە هەمووکات نزیکترە لەوەی ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و بەهۆی ئەو هێرشانەی کراوەتەسەری ئێران ئێستا لە دۆخێکی زۆرخراپ دایە.