عەباس عراقچی: پێشبینی ناکەین هیچ وڵاتێک بێتە نێو جەنگی نێوان ئێمە و ئیسرائیل
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت:" تا هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی ڕانەوەستێت، ناگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان".
عراقچی، بە کەناڵی وڵاتەکەی گوت، لە سەرەتای هێرشەکەی ئیسرائیلەوە دەستیان بە هەنگاوی دیپلۆماسی کردووە و لەگەڵ زیاتر لە 30 وڵات پەیوەندییان کردووە.
گوتیشی: وڵاتەکەی خەریکی دانوستان بوو لەگەڵ ئەمەریکا کە ئیسرائیل هێرشی کردە سەری، ئێستا بەشێک لە وڵاتان پەیوەندی دەکەن و دەڵێن: با بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان و هەنگاوی دیپلۆماسی، بەڵام ئەو پێیان دەڵێت: خۆیان لەناو پرۆسەی دیپلۆماسیدا بوون و خەریکی ڕێکەەوتنێکی دیپلۆماسی بوون کە هێرش کرایە سەر وڵاتەکەیان، بۆیە تا شەڕ هەبێت ناچنەوە سەر مێزی دانوستان.
دەشڵێت: ئاماژەیەک هەیە لە هاوکاریی ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل، گوتی: سەرۆکی ئەمەریکا لە وتەکانی خۆی ئەوەی ئاشکرا کردووە خۆیان بە هاوبەشی شەڕەکە دەزانن.
هەر ئەمڕۆ هەینی 20ـی حوزەیرانی 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامێکی ئێکسدا نووسی: دوێنێ ڕیاکتۆری ئاوی قورس لە ئەراک کە لە ژێر سەرپەرشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دایە، لە لایەن ئیسرائیلەوە بۆردومان کرا.
دەڵێت: بڕیارە ئەنجومەنی ئاسایش ئەمڕۆ کۆببێتەوە. پێویستە ئەنجوومەنەکە بڕیارنامەی 487ـی خۆی بە کۆی دەنگ جێبەجێی بکات، ئەو بڕیارنامەیەی کە لە وەڵامی هێرشەکەی ئیسرائیل لە ساڵی 1981 بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمیەکەی عێراق دای.
لە بڕیارنامەکەدا هاتووە کە هەر هێرشێکی سەربازی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان، هێرشکردنە سەر پاراستنی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم و پەیمانی نەھێشتنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمییە.
عراقچی گوتی: ئەگەر ئێستا ئەنجوومەنەکە نەتوانێت ئەو کار بکات، ئەوا دەبێت بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕوون بکاتەوە کە بۆچی یاساییەکانی هەمووان ناگرێتەوە، هەروەها ئەوانیش لە پاڵ ئیسرائیل بەرپرسیار دەبن لە پێشێلکردنی پەیمانی نەھێشتنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆم.
The Arak Heavy Water Reactor—a facility under comprehensive IAEA safeguards and under construction in strict accordance with the technical specifications agreed upon in the Joint Comprehensive Plan of Action (JCPOA) to eliminate any proliferation risk—was bombed yesterday in… pic.twitter.com/Gqswk8sKym
— Seyed Abbas Araghchi (@araghchi) June 20, 2025