ناوەندێکی مافی مرۆڤ، هۆشداریی لە کاریگەریی دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامانی دادگای فیدراڵی دەدات

حازم ئەلرودەینی، سەرۆکی ناوەندیی ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، هۆشداریی دا لە مەترسی قبوڵکردنی دەستلەکارکێشانەوەی دادوەرەکان لە دادگای فیدراڵی، ئەوەش لە کاتێکدا کە ئامادەکاری دەکرێت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان لە کۆتایی ئەمساڵدا.

ئەلرودەینی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2025 بەبێ ئامادەبوونی ئەندامانی دادگای فیدراڵی دەکرێت، بەو پێیەی لە مادەی 93  لە بڕگەی 7 لە دەستووری عێراقی ساڵی 2005دا هاتووە کە دادگای فیدراڵی دەسەڵاتی پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەیە.

ڕوونیشیکردەوە، ئەمەش دەبێتە دروست بوونی بۆشایی یاسادانان بەهۆی تەواوبوونی ماوەی ئەنجوومەنی نوێنەران بەپێی مادەی 49ـی دەستوور کە لە بەرواری یەکەم دانیشتنی دەستوورەوە بۆ ماوەی چوار ساڵ دیاریکراوە. ئەوەش واتە لە 25ـی تشرینی دووەمی 2025 خولەکە کۆتایی دێت و حکوومەت دەگوازرێتەوە بۆ پلەی چاودێر.

سەرچاوەیەک لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ڕایگەیاند "لەناو دادگای فیداڵی عێراق دەستلەکارکیشانەوی بە کۆمەڵ بەهۆی کەیسی خور عەبدوڵلا ڕووی داوە". 

لەو چوارچێوەیەدا، نوێنەری پەرلەمان محەممەد ئەلخەفاجی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، لە بەیاننامەیەکی بەپەلە دا، "دەستلەکارکیشانەوەی ئەندامانی دادگای باڵای فیدراڵی ڕاگەیاند."

ئاماژەی بەوەش کرد، چاوەڕێی وردەکاری و هۆکارەکان دەکەن و نایاسایی وەسف کردووە.

هاوکات پەرلەمانتار ڕاید مالیکی، ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی نوێنەران، ڕایگەیاند، نۆ ئەندامی دادگای باڵای فیدراڵی لە عێراق، کە شەش ئەندامی تەواو و سێ ئەندامی یەدەگ، دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان پێشکەش کردووە، بەهۆی فشاری حکوومەت، لەسەر دادگاکە سەبارەت بە دۆسیەی خور عەبدوڵلا.

نوری مالیکی، لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دوێنێ پێنجشەممە، 19ـی حوزەیرانی 2025، ڕایگەیاند "حکوومەت و لایەنەکانی دیکە دەیانەوێت دادگای فیدراڵی ببێتە ئامرازێک لە دەستیان بۆ جێبەجێکردنی هەرچییەک بە گونجاویان دەزانن بە بیانووی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانیان"، جەختی لەوەش کردەوە "ناتوانرێت بەرگەی ئەم دۆخە بگرن".

ئاماژە بەوەش کراوە، "سەرکردە شیعەکانی دەسەڵاتدار شکستی خۆیان سەلماندوە لە بنیاتنانی دەوڵەتێکی دامەزراوەیی کە ڕێز لە سەروەری یاسا و دەستور بگرێت"، دەشڵێت: "ڕاوێژ لەگەڵ تەواوی نوێنەران دەکرێت، بۆ ئەوەی هەڵوێستێکی یەکگرتوو لەسەر ئەم پرسە بگرنەبەر، ئەمەش بە پێشینەیەکی مەترسیدار دادەنێت". 

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی کوەیت لە ناوەڕاستی مانگی نیساندا بڵاویکردەوە، سەرۆککۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێراق دوو تانەیەکی جیاوازیان پێشکەش بە دادگای باڵای فیدراڵی کرد و داوای پێچەوانەکردنەوەی بڕیارەکەیان کرد، یاسای پەسەندکردنی ڕێککەوتنی خور عەبدوڵڵا لەگەڵ کوەیتیان بە نابەجێ ناساند. تانەدانەکان لەسەر بنەمای دەستووری عێراق و ڕێککەوتننامەی ڤیەننا ساڵی 1966 دامەزراندووە.

لە تانەدانەکاندا ئاماژە بەوە کراوە، ڕێککەوتنەکە پەیوەندی بە ڕێکخستنی کەشتیوانییەوە هەیە نەک دیاریکردنی سنوورەکان و بەشێکە لە پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکانی عێراق کە ناتوانرێت هەڵبوەشێنرێتەوە.

ڕۆژی 4ـی ئەیلولی 2023، دادگای باڵای فیدراڵی یاسای 42ی ساڵی 2013ی، یاسای پەسەندکردنی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی کۆماری عێراق و حکوومەتی کوەیت سەبارەت بە ڕێکخستنی کەشتیوانی دەریایی لە خۆر عەبدوڵڵا، بە نادەستووری ڕاگەیاند.

دادگاکە لەو کاتەدا لە بەیاننامەیەکی کورتدا ڕایگەیاندبوو "بڕیاری نادەستووریی خۆی دەرکردووە، بەهۆی پێشێلکردنی بڕگەکانی ماددەی 61ـی چوارەمی دەستووری کۆماری عێراق، کە تێیدا هاتووە 'پرۆسەی پەسەندکردنی پەیماننامە و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان بە یاسایەک ڕێکدەخرێت بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران دەرچووە'".

ئەو سەرچاوانە ڕاگەیاندووە، ئەو شەش ئەندامەی دادگای فیدراڵی دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان پێشکەش کردووە، بەهۆی فشاری حکوومەتەوە بووە، لەسەر دادگاکە سەبارەت بە کەیسی خور عەبدوڵلا خراوەتە سەر.

دوێنێ پێنجشەممە، 19ـی حوزەیرانی 2025، لە بەغدا "شەش ئەندامی سەرەکی و سێ ئەندامی یەدەگی دادگای فیدراڵی عێراق، دەستیان لە کار کێشایەوە، لە کاتێکدا بڕیار بوو دادگاکە، دەربارەی کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کۆ ببێتەوە و بڕیارێکی وەلائی بدات."

بڕیارە مانگی 11ـی ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئامادەکاریی بەرفراوانی تەواوی کردووە و هەروەها بەردەوامە لە نوێکردنەوەی داتای هاووڵاتیان.