میدیاکانی ئێران: شەپۆلێکی دیکەی مووشەک ئاراستەی ئیسرائیل کران
میدیاکانی ئێران ڕایانگەیاند: ئێستا شەپۆلێکی مووشەکی دیکەیان ئاڕاستەی ئیسرائیل کرد، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە تەلئەڤیڤ لێدەدرێت، سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت: چاودێریی مووشەکەکانی ئێران دەکەین و بەرپەچیان دەدەینەوە.
میدیای ئیسرائیل ئاشکرای دەکات، دەنگی تەقینەوەی بەرز لە تەلئەڤیڤ و قودس دەبیسترێت، دەشڵێت: نزیکەی 30 مووشەک ئاراستەی ئیسرائیل کراوە، مووشەکێک لە حەیفا کەوتووەتە خوارەوە.
میدیای ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت: سێ مووشەک لە غوش دان و قودس و حەیفا کەوتوونەتە خوارەوە، کەناڵی 12ـی ئیسرائیل بڵاوی کردەوەتەوە، ئەو مووشەکەی لە حەیفا کەوتووەتە خوارەوە، زیانی زۆری ماددی بە ناوچەکە گەیاندووە و بریندار لە هێرشەکە کەوتووەتەوە.
ڕادیۆی ئیسرائیلیش بڵاوی کردەوە، مووشەکەکانی ئێران لەچەند ناوچەیەکی جیا جیای ئیسرائیل کەوتوونەتە خوارەوە، بێ ئەوەی ئاماژە بە زیانەکانی هێرشە مووشەکەکییەکە بکات.
ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران عەلی خامنەیی لەگەڵ هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی کورتی بڵاو کردەوە و تێیدا نووسی: دوژمنی زایۆنی پاداشتەکەی وەردەگرێتەوە و تۆڵەکەی لێ وەردەگیرێتەوە.