گوتەبێژی ئاکپارتی: هێڵی سوور بۆ ماکرۆن دادەنێین
"هەوڵەکانی تورکیا لە گەڕان بۆ دۆزینەوەی وزە لە دەریای ناوەڕاست، پەیوەندی بە یۆنان نییە"
K24 - هەولێر
فەرەنسا چەندجارێک هۆشداری داوەتە تورکیا لە گەڕان بەدوای سووتەمەنی لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و داوای کردووە رێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بگرێت، گوتەبێژی ئاکپارتیش لە وەڵامدا هۆشداری دەداتە سەرۆکی فەرەنسا و دەڵێ "سنووری بۆ دادەنێین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".
عومەر چەلیک، گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) کە رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆکایەتیی دەکات، رایگەیاند "یۆنان هەوڵ بۆ هەندێک شتی گەورەتر لە قەبارەی خۆی دەدات، هەروەها ئەگەر دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە بە دوای دراوسێی باوەڕپێکراودا دەگەڕێن، ئەوا هیچ وڵاتێک وەکو تورکیا جێگەی متمانەپێکردن نییە".
سەبارەت لێدوانی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەبارەی هەوڵەکانی تورکیا لە ئاوە هەرێمییەکان، چەلیک گوتیشی "ئەگەر ماکرۆن لەنێو ئاو و وڵاتی خۆمان هێڵی سوور بۆ ئێمە دادەنێت، ئەوا ئێمەش هێڵی سوور بۆ ئەو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنێین".
ئاماژەی بەوەشدا، هەوڵەکانی تورکیا لە گەڕان بۆ دۆزینەوەی نەوت و گاز لە دەریای ناوەڕاست هیچ پەیوەندییەکی بە یۆنان نییە.
21-8-2020 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند، دوای گەڕانێكی زۆر و لێدانی 9 بیر لە دەریای ناوەڕاست و دەریای رەش، لەكۆتاییدا ھەردوو كەشتی نەوتی: فاتیح و یاووز توانیان بڕی 320 ملیار مەتر سێجا گازی سرووشتی بۆ یەكەمجار لە مێژووی توركیادا بدزۆنەوە.
تەنانەت پێش ئەو راگەیاندنەی ئەردۆغان، كێشیەكی زۆری جیۆسیاسی لە دەریای ناوەڕاست هەبوو بەهۆی هەوڵە بەردەوامەکانی تورکیا بۆ دەستکەوتنی سەرچاوەی نوێی وزە لەو دەریایە.
فەرەنسا، ئێستا چالاکترین وڵاتی ئەوروپییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەڕووی سیاسییەوە، بەجۆرێک دووجار وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەماوەی شەش هەفتەی رابردوودا هاتووەتە عێراق، هەروەها وەزیری بەرگریش سەردانی بەغدا و کوردستانی کرد. ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەدوای تەقینەوەکانی بەندەری بەیرووت لە سەرەتای مانگی ئابی ئەمساڵەوە، دووجارە چووەتە لوبنان، ئەمڕۆش گەیشتە بەغدا بۆ بۆ دەستپێشخەرییەک لەپێناو پاراستنی سەروەریی عێراق.
هـ.ر.