فوئاد حوسێن: ئەگەر گەرووی هورمز دابخرێت قەیرانی ئابووری جیهان گەورەتر دەبێت

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق هۆشداریدا لەوەی ئەگەر ئێران گەرووی هورمز دابخات، ئەوە بازاڕەکانی جیهان ڕۆژانە  پێنج ملیۆن بەرمیل نەوت لەدەست دەدەن.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، "لە کۆبوونەوەی بەپەلەی وەزیرانی دەرەوەی عەرەبی، کە لە ئیستانبوڵ لەسەر بانگهێشتی عێراق بەڕێوەچوو، کاردانەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران و کاریگەرییەکانیان لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە تاوتوێ کرا."

ئاماژە بەوەش کراوە، لە کۆبوونەوەکە د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق وتارێکی پێشکەشکرد و تیایدا گوتی: عێراق بەهۆی جددیەتی دۆخەکەوە داوای ئەم کۆبوونەوە بەپەلەیەی کردووە، هەروەها وڵاتەکەی لە نزیکەوە چاودێری پێشهاتەکان دەکات، بە لەبەرچاوگرتنی پێگەی جوگرافی و سیاسی و نزیکیی لە دۆخەکە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، فوئاد حوسێن، ڕوونیکردووەتەوە، "مەترسی گەورە تەنیا لە ئێراندا سنووردار نییە، بەڵکو هەموو ناوچەکە دەگرێتەوە، ئێمەش ڕووبەڕووی پرسیار و ئالنگاریی گەورە دەبینەوە کە پێویستی بە هەڵوێستی یەکلاکەرەوەی بەکۆمەڵ هەیە"، هەروەها داوای کرد "هەنگاوی کردەیی بنرێت بۆ دروستکردنی کاریگەریی لەسەر هەڵوێستی وڵاتانی ئەورووپا و ئەمەریکا."

وەزیری دەرەوەی عێراق، هۆشداریی دا لە فراوانبوونی ململانێکان و بەئامانجکردنی دامەزراوە ئەتۆمی و نەوت و گازییەکان، ئاماژەی بەوەش دا، داخستنی گەرووی هورمز، ڕەنگە ببێتە هۆی لەدەستدانی نزیکەی پێنج ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بۆ بازاڕەکان، ئەمەش قەیرانی ئابووری جیهانی گەورەتر دەکات.

ڕاشیگەیاند، هیچ کەسێک لە ناوچەکەدا لە لێکەوتەی شەڕەکە بەدەر نابێت.