کۆمکاری عەرەبی: تاکە ڕێگە بۆ چارەکردنی قەیرانەکانی ناوچەکە دیپلۆماسی و گفتوگۆیە

ئەنجوومەنی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی، ئیدانەی هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران کرد و داوای کرد بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ.

 ئەنجوومەنی کۆمکاری عەرەبی، دوای دانیشتنێکی نائاسایی کە ڕۆژی هەینی 20ـی حوزەیرانی 2025، لە ئیستانبوڵ، دەربارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەرێوە چوو ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و کۆبوونەوەکە بە پەسەندکردنی ئەم هەنگاو و هەڵوێستانەی خوارەوە کۆتایی پێهێنرا.

1- ئیدانەکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران کە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری وڵاتێکی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانە و هەڕەشەیە بۆ ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە، هەروەها جەختکردنەوە لەسەر پێویستی ڕاگرتنی ئەم هێرشانە و چڕکردنەوەی هەوڵە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ کەم کردنەوەی گرژییەکان.

2- داوای گەڕانەوە بۆ دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی ئێران و پاڵپشتیکردنی هەموو هەوڵەکان بە ئامانجی گەیشتن بە ئاگربەست.

3-دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجوومەنی ئاسایش بەرپرسیارێتیەکانیان جێبەجێ بکەن بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل، چونکە پێشێلکارییەکی ڕوونی یاسا نێودەوڵەتییەکان و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە.

4- جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە تاکە ڕێگە بۆ چارەکردنی قەیرانەکانی ناوچەکە دیپلۆماسی و گفتوگۆیە بە پێی ڕێساکانی یاسا نێودەوڵەتییەکان و ڕەشنووسی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەروەها جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە قەیرانی ئێستا بە ڕێگەی سەربازی چارە ناکرێت.

5- ئارامی سەقامگیری ناوچەکە تەنیا بە چارەکردنی هەموو هۆکارەکانی ململانێ و گرژییەکان بەدەست دێت، کە دەبێت هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بوەستێت، ڕێگە بە هاتنە ژوورەوەی دەستبەجێی یارمەتییە مرۆییەکان لە ڕێگەی ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بدرێت، هەروەها چارەی دوو دەوڵەتی و چانسی گەیشتن بە ئاشتییەکی هەمەلایەنە و دادپەروەرانە.

6- هۆشداریدان لەوەی ئیسرائیل ناوچەکە بەرەو ململانێ و گرژیی زیاتر نەبات، هەروەها کارکردن بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی دادپەروەرانە و هەمەلایەنە کە ئاسایش بۆ هەمووان گەرەنتی بکات، لەڕێگەی جێبەجێکردنی بڕیارنامەی شەرعیەتی نێودەوڵەتی پەیوەندیدار و دەستپێشخەری ئاشتی عەرەبی لە ساڵی 2002.

7- جەختکردنەوە لەسەر پێویستی ڕێزگرتن لە ئازادی کەشتیوانی لە ڕێڕەوی ئاوییە نێودەوڵەتیەکاندا، بە پشتبەستن بە ڕێسا پەیوەندیدارەکانی یاسای نێودەوڵەتی، دوورکەوتنەوە لە کاردانەوەکانی سەر ئابووری جیهانی و گواستنەوەی وزەی جیهانی.

8- جەختکردنەوە لەسەر ڕێزگرتن لە پرەنسیپەکانی ڕەشنووسی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بەکارهێنان یان هەڕەشەی هێز لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا قەدەغە دەکات، داوای چارەسەرکردنی ناکۆکیەکان بە ڕێگەی ئاشتیانە، جەختکردنەوە لەسەر پێویستی ڕێزگرتن لە یەکپارچەیی خاک و یەکگرتوویی وڵاتان، بنەماکانی دراوسێیەتی باش، ڕەتکردنەوەی هەر هەوڵێک بۆ ناسەقامگیرکردنی ئاسایش و سەقامگیرییان.

9- داواکردنی ڕێزگرتن لە سەروەری وڵاتانی ناوچەکە و ئیدانەکردنی هەر پێشێلکارییەک بۆ ئاسمانی وڵاتەکانیان لەلایەن هەر لایەنێکەوە.

10- جەختکردنەوە لەسەر پێویستی خۆبەدوورگرتن لە بەئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان کە کەوتوونەتە ژێر پارێزبەندییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، بەگوێرەی بڕیارنامەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی و بڕیارە پەیوەندیدارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش، هەروەها هۆشداریدان لە مەترسییەکانی تیشکی ئەتۆمی و دزەکردنیان بۆ ئاسمانی ناوچەکە، و کاریگەرییە وێرانکەرەکانی مرۆیی و ژینگەیی.

11- جەختکردنەوە لەسەر گرنگی چۆڵکردنی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چەکی ئەتۆمی و چەکی کۆمەڵکوژی دیکە بەگوێرەی بڕیارنامە نێودەوڵەتییەکان و بڕیارەکانی لوتکەی پێشووی عەرەبی.