عەباس عراقچی: خیانەتییان لە دیپلۆماسییەت کرد

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: لە کاتێکدا ئێمەیان بە دیپلۆماسییەت خەریک کردبوو، خەریکی پلانێک بوون بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، بەمە خیانەتی دیپلۆماسییان لە وڵاتەکەمان کرد.

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی دڵنیا نییە لە ئەمەریکا و گفتوگۆ دیپلۆماسییەکان، چونکە لەو کاتەدا هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستییان پێکرد کە دانووستانە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ ئەمەریکا بەڕێوەدەچوون.

وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی NBC Newsـی ئەمەریکی گوتی:  پرسەکە بۆ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا بەجێ هێڵدراوە بۆ ئەوەی توانا و خواستی خۆی بۆ چارەسەریی ئاشتی بخاتە گەڕ و نیشان بدا، ئاماژەی بەوەشدا، واشنتن گرنگیی بە پرسە دیپلۆماسییەکە نادات، دانووستانەکانیشی تەنها بەو مەبەستە بوو، ڕێگە بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران خۆش بکات، ڕەنگە ئەمە پلانێک بووبێت لە خەیاڵییان و پێویستییان بە کاتێک بووە کە لەڕێگەی دانووستانەکانەوە سوودی لێ وەرگرن لە پلانی هێرشکردنە سەر ئێران، لەبەر ئەوە نازانین چۆن لەمەودوا باوەڕییان پێ بکەین، چونکە ئەوەی کردیان خیانەتێکی دیپلۆماسیی بوو.

عەباس عراقچی دوێنێ لە گفتوگۆکانی جنێف بە گەورە دیپلۆماسییەکانی ئەوروپای گوت: وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ گفتوگۆ و دانووستان، بەڵام بە مەرجی ئەوەی ئیسرائیل کۆتایی بە هێرشەکانی بێنێت و بووەستێت لە پەلاماردان، گوتیشی: ناتوانین لە دانووستان بەردەوام بین، لە کاتێکدا هێرشەکان بەردەوامن.