ئەسوشییتد پرێس: نۆ وڵات لە جیهاندا خاوەنی چەکی ئەتۆمیین
ئاژانسی ئەسوشییتد پرێس لە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانیدا بڵاوی کردووەتەوە، 9 وڵات لە سەرتاسەری جیهاندا خاوەنی چەکی ئەتۆمیین، پێنج وڵاتیش لە پێشەوەی ئەوانی دی کە ئەمەریکا و ڕووسیا، چین و فەرەنسا و بەریتانیان، خاوەنی ئەو چەکەن.
پێنج وڵاتەکە لەوانەن کە واژوویان لەسەر بەڵێننامەی ڕێگریی لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی کردووە کە وڵاتان پابەند دەکات هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نەدەن، هاوکات ئەو وڵاتانەی ئەتۆمیان هەیە، گفتوگۆ بکەن لەسەر ئەوەی، جگەلە نیازێکی باش، نیازی دیکەیان نییە.
هیندستان و پاکستان، ئەو بەڵێننامەیان واژوو نەکردووە، بەڵکو پەرەیان بە پرۆژە ئەتۆمییەکانیان داوە لە ساڵانی ڕابردوودا، ساڵی 1974، هیندستان بۆ یەکەم جار ئەزموونی ئەتۆمییەکەی خۆی کرد، ساڵی 1998 جارێکی دیکە ئەم چەکە پڕ مەترسییەی ئەزموون کردەوە، پاکستانیش بەدوای ئەودا چەند جارێک ئەزموونی ئەتۆمییەکانی خۆی کرد.
ئێران لە مێژە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەنها بۆ مەبەستی ئاشتیانە بەکار دێنێت، و دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکاش ئاشکرایان کردووە، تاران لە ئێستادا بەدوای بۆمبی ئەتۆمیدا ناگەڕێت، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا یۆرانیۆمی بەڕێژەی سەدا 60 پیتاندووە، کە بەڕێژەی سەدا 90 نزیکە لە بەرهمهێنانی چەکی ئەتۆمی.