بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرە: لە بارودۆخەکە دڵنیانین و ناتوانین گەشتی عومرە ڕابگەیەنین
شێخ نیاز نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: چاودێری بارودۆخەکە دەکەن و پێیان وایە، تاکو فڕۆکەخانەکان بە داخراوی بمێننەوە، ناتوانن گەشتی عومرە بۆ هاووڵاتییانی کوردستان ڕێک بخەن، چونکە دڵنیایی نییە لەوەی ڕێگەی وشکانیش کێشەی تێناکەوێت.
شەممە 21ـی حوزەیرانی 2025، شێخ نیاز نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە بەهۆی جەنگی ئێران و ئیسرائیل و وەستانی گەشتی ئاسمانیی بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە، گرفت بۆ پرۆسەی عومرە کردن دروست دەکات، هەر بەو هۆیەوە بەشێک لەو حاجییانەی بەڕێگەی ئاسمانی پێشتر گەشتی سعوودییەیان کردبوو، بەهۆی وەستانی گەشتی ئاسمانیی فڕۆکەخانەکان، بەڕێگەی وشکانی گەڕێندرانەوە کوردستان.
شێخ نیاز ڕایگەیاند: لە 1ـی موحەڕرەم وەکو هەموو ساڵێک دەست بە جێبەجێکردنی بەرنامەی ناردنی هاووڵاتییان دەکەن بۆ گەشتی عومرە، ئەمساڵیش تا پێش مانگی تەممووز، بەرنامەی نوێی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە جێبەجێ دەکرێت بۆ ناردنی هاووڵاتییان بۆ گەشتی عومرە، ئاشکراشی کرد، بەر لەو پرۆسەیە تەندەر ڕادەگەیەنین بۆ کۆمپانیا تۆمارکرا و ڕێپێدراوەکانی گەشتی حەج و عومرە لە هەرێمی کوردستان، 300 کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان لەبواری گەشتی حەج و عومرە کار دەکەن و بە خواستی خۆیان دێنە نێو تەندەرەکە.
تیشکی خستە سەر ئەوەی، دوای دەرچوونی تەندەرەکە بۆ هەر کۆمپانیایەک، پێویستە ڕێنماییەکان وەکو خۆیان جێبەجێ بکرێن لە پاراستنی مافی هاووڵاتی، بەرزی کوالێتی گەشتی حاجییان و عومرەکاران، لەگەڵ بەرزی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش بە هاووڵاتییان دەکرێت لەو گەشتانەدا.
بەرێوەبەری گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، ئەو کۆمپانیایانەی پابەندی ڕێنماییەکان نابن، دووچاری لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە تا ئاستی ڕاگرتنیان لە کارکردن و پێ بژاردن، بەڵام سەدا 99ـی کۆمپانیاکان هەوڵ دەدەن پابەندی ڕێنماییەکان ببن، نابێت هیچ کۆمپانیایەک ڕێکلام بۆ گەشتی عومرە بکات لەکاتێکدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە ڕێگەپێدانی بەهیچ کۆمپانیایەک نەداوە گەشتەکە بکات، بۆیە دیاریی کردنی وادەی گەشتی عومرە، تەنها لە دەستی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستانە، گوتی: دەمانەوێت لە کاتێکدا ئەو گەشتە ڕێک بخەین کە هەموو سەلامەتییەک بۆ گەشتییارانی ماڵی خودا دابین بکەین بە تەواوی خزمەتگوزارییەکانەوە، دەمانەوێت ئەمساڵ دەست بە عومرە بکەین لەکاتێکدا بزانین تەواو دڵنیایی هەیە.
لەبارەی نرخی عومرە کردنەوە، شێخ نیاز ڕایگەیاند: نرخی عومرە کردن جیاوازە بەپێی خزمەتگوزارییەکان کە پێشکەشی عومرە کاران دەکرێت لەلایەن کۆمپانیاکانەوە، گوتی: ئەمە کێبڕکێی نێوان کۆمپانیاکانە، ئاشکراشی کرد، تاکو فڕۆکەخانەکان بەداخراوی بمێننەوە، دڵنیانابین کە ڕێگەی وشکانیش کێشەی تێ ناکەوێت، لەبەر ئەوە جێی دوو دڵییە و ئەگەری هەیە گەشتی عومرە لەم کاتەدا ئەنجام نەدرێت، چاودێریی بارودۆخەکە دەکەین، هەر کاتێک بارودۆخەکە بەرە باشتر چوو، بڕیاری پێویست دەدەین.
