حوسییەکانی یەمەن هۆشداریی دەدەنە ئەمەریکا

گوتەبێژی سەربازیی حوسیەکانی یەمەن، هۆشداریی دەداتە واشنتن، ئەگەر هێرش بکاتە سەر ئێران، ئەوە کەشتییەکانیان بۆمباران دەکرێن.

شەممە 21ـی حوزەیرانی 2025، یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حوسیەکانی یەمەن لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا ڕایگەیاند، ئەگەر ئەمەریکا بەشداریی جەنگەکەی ئیسرائیل و ئێران بکات، ئەوە هێرش دەکەینە سەر کەشتییە جەنگییەکانی ئەوان لە دەریای سوور.

ڕۆژی سێشەممە 6ـی ئایاری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندبوو، حووسییەکان بڕیاریان داوە خۆیان ڕادەست بکەن و هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی ئەمەریکا ڕادەگرن، هەربۆیە ئەمەریکاش هێرشەکانی لە دژی حووسییەکان ڕادەگرێت.

چوارشەممە 7ـی ئایاری 2025، محەممەد عەبدولسەلام، سەرۆکی شاندی دانوستانکاری حووسییەکانی یەمەن، بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندبوو "ڕیککەوتنەکەیان لەگەڵ ئەمەریکا بە هیچ شێوەیەک ئیسرائیل ناگرێتەوە."