بەرپرسێکی ئێران: پێشنیازەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا زۆر ناواقعی بوون
بەرپرسێکی باڵای ئێران ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکەی دوێنێیان لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا و بەریتانیا زۆر ناواقعی بوو، ئەگەر لەسەر هەڵوێستی خۆشیان ڕژد بن، ئەوە هیچ ڕێککەوتنێک لە نێوانمان ناکرێت.
شەممە، 21ـی حوزەیرانی 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لەسەر زاری بەرپرسێکی باڵای ئێران لەبارەی کۆبوونەوەی دوێنی ئێران لەگەڵ فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا بڵاوی کردووەتەوە، پێشنیاز و گفتوگۆییەکانی وڵاتانی ئەورووپا و بەریتانیا لە کۆبوونەوەکەی جنێڤ زۆر ناواقعی بوون.
ئاماژەشی دا، ئەگەر ئەورووپا و بەریتانیا لەسەر هەڵوێستی خۆیان ڕژدبن، ئەوە هیچ ڕێککەوتنێک لە نێوانماندا ناکرێت.
ئەو بەرپرسە، ئەوەشی خستووتە ڕوو، پێشنیازەکەیان بە هەر جۆرێک بێت، لە تاران هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەن و لە کۆبوونەوەی داهاتوو وەڵام دەدەنەوە.
هەینی، 20ـی حوزەیرانی 2025، کۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا، فەرەنسا، بەریتانیا و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە جنێڤ بەڕێوە چوو.
دوای کۆبوونەوەکە بەرپرسانی ڕۆژئاوا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان کرد و یۆهان وادێفول, وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە ڕایگەیاندبوو، باشترین ئەنجامی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ ئەوە بوو بۆمان دەرکەوت کە ئێران ئامادەیە گفتوگۆ لەبارەی هەموو پرسە گرنگەکان بکات.
دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیاش ڕایگەیاندبوو، ئێمە دەمانەوێت بەردەوامیی بە گفتوگۆ و دانوستانەکان لەگەڵ ئێران بدەین، هانی ئێرانیش دەدات لە دانوستانەکان لەگەڵ ئەمەریکا بەردەوام بێت.
ژان نۆیل باڕۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کە بەشداری کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی کردبوو و گوتی: بژاردەی سەربازی پرسی ئێران چارە ناکات، ڕەنگە پیتاندنی یۆرانیۆم دوا بخات، بەڵام لە ڕەگەوە چارەی ناکات.
ئاماژەشی دابوو: وەزیری دەرەوەی ئێرانمان بانگهێشت کردووە بۆ ئەوەی بەبێ مەرجی ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل، لەگەڵ هەموو لایەک دانوستان بکات و کۆ ببێتەوە.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندبوو، وڵاتەکەی بۆ هەر ڕێگە چارەیەکی دیپلۆماسی ئامادەیە، بەڵام بەو مەرجەی ئیسرائیل هێرشەکانی ڕابگرێت و بەرپرسیاریەتی و پابەندبوونی خۆی بە تاوانی جەنگی ڕابگەینێت.
دووپاتیشی کردبووە، ئامادەنە بەردەوامی بە کۆبوونەکان لەگەڵ بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئەورووپا بدەن.