وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل: لەگەڵ ئێران باوەڕم بە ڕێگەی دیپلۆماسی نییە
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە هێرشەکانمان بۆ سەر ئێران کاری زۆر باشمان کردووە، بەڵام تاوەکوو ئێستا بە ئامانجەکەمان نەگەیشتووین، گوتیشی: لەگەڵ ئێران باوەڕم بە ڕێگەی دیپلۆماسی نییە.
شەممە 21ـی حوزەیرانی 2025، جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند، تاوەکوو ئێستا لە هێرشەکانمان بۆ سەر ئێران کاری زۆر باشمان کردووە. گوتیشی: بەگوێرەی ئەو هەڵسەنگاندنانەی کراون، بەهۆی هێرشەکانمان بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان، بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانمان بۆ دوو بۆ سێ ساڵ دواخستووە.
هەروەها ئاماژەشی دا، لەگەڵ ئێران باوەڕم بە ڕێگەی دیپلۆماسی نییە، چونکە تاوەکوو ئێستا هەر ڕێگەیەکی دیپلۆماسیمان گرتبێتە بەر شکستی هێناوە.
گوتیشی: هەموو هەوڵێک دەدەین لە هێرشەکاندا ئامانجەکەمان بەدەست بهێنین.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانی کوشت.
لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.