باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا هۆشداری دەداتە هاووڵاتییانی ئەمەریکی لە عێراق

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا هۆشداری دەداتەوە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی لە عێراق و داوایان لێدەکاتەوە، مۆبایلەکانیان بە شەحن کراوی بهێڵەوە و لەگەڵ خێزان و هاوڕێکانیان لە پەیوەندیدا بمێنەوە.

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا و کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر لە ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشدا، کە بۆ جاری دووەمە لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، هاووڵاتییانی وڵاتەکەیان ئاگادار دەکەنەوە، بەهیچ شێوەیەک سەردانی عێراق نەکەن و چەند ڕێنماییەکیشیان بۆ ئەو هاووڵاتییە ئەمەریکیانە بڵاو کردووەتەوە، کە لە عێراقن.

لە ڕێنماییەکاندا هاتووە، لە شوێنە قەرەباڵغەکان خۆیان بەدوور بگرن، هاوکات مۆبایلەکانیان بەردەوام پڕشەحن بێت و بەشێوەیەکی بەردەوام لەگەڵ خێزان و هاوڕێکانیان لە پەیوەندیدا بن، بۆ ئەوەی زانیاریی لە بارەی بارودخیان بدەن. 

هەروەها داوای لە هاووڵاتییانی ئەمەریکی لە عێراق کردووە، بەردەوام ئاگایان لە هەواڵەکان بێت، ئەوانەشی دەیانەوێت لەسنووری تورکیا و کوەیت، عێراق جێبێڵن، دەبێت باڵیۆزخانەکانی ئەمەریکا لە تورکیا و کوەیت ئاگادار بکەنەوە. 

هەر لە هۆشدارییە هاوبەشەکەدا هاتووە، پێویستە ئەو هاووڵاتییە ئەمەریکیانەی لە عێراقن، ناویان لە پرۆگرامی تۆماری گەشتیاریی (STEP) تۆمار بکەن، بۆ ئەوەی لە کاتی پێویست و هەر حاڵەتێکی لە ناکاو زانیاریی پێ بدرێت و هاوکاریی بکرێت.

هەروەها ئاماژەیانداوە، بەردەوام چاودێری پلاتفۆرمەکانی فەیسبووک و ئێکسی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بکەن.

پێشکەشکردنی ئەم زانیاریانە ڕێگە بە باڵیۆزخانە دەدات کە خێراتر یارمەتیت بدات لە ئەگەری ڕوودانی حاڵەتێکی لەناکاودا.