سوپای پاسداران: بیستەمین هێرشی مووشەکیمان کردە سەر ئیسرائیل

سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند: لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی"بەڵینی ڕاستی" بیستەمین هێرشی مووشەکیمان کردە سەر حەیفا و تەلئەڤیڤ.

یەکشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2025، سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا کە  ئاژانسی تەسنیم بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە "لە هێرشی بەرەبەیانی ئەمڕۆدا، مووشەکی دوورهاوێژی سووتەمەنیی شل، کە کڵاوەی جەنگیی وێرانکەری بەسەرەوەیە، لەگەڵ بەکارهێنانی تەکنیکی نوێ بۆ دەربازبوون لە سیستەمی بەرگریی ئیسرائیل، بەکارهاتوون، بۆ هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی بن گۆریون و ناوەندی لێکۆڵینەوەی بایلۆجیی و چەند بنکە و ناوەندێکی کۆنترۆڵی سەربازیی ئەو وڵاتە.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 22-06-2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی (فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان)ـیان لە ناوخۆی ئێران بۆمباران کرد. 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەبارەی هێرشەکەیان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' نووسیویەتی: "ئێمە هێرشە زۆر سەرکەوتووەکەمان بۆ سەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران تەواو کرد، کە فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهانیان لەخۆگرتبوو. هەموو فڕۆکەکان ئێستا لە دەرەوەی ئاسمانی ئێرانن.  بارێکی تەواو لە بۆمب خرایە خوارەوە بۆ سەر بنکە سەرەکییەکە، فۆردۆ."

لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەی ترەمپدا هاتووە: "هەموو فڕۆکەکان بە سەلامەتی لە ڕێگەی گەڕانەوەدان بۆ نیشتمان. پیرۆزبایی لە جەنگاوەرە مەزنە ئەمەریکییەکانمان دەکەین. هیچ سوپایەکی دیکە لە جیهاندا نییە کە بتوانێت ئەمە بکات. ئێستا کاتی ئاشتییە! سوپاس بۆ سەرنجتان لەسەر ئەم بابەتە."

دوای هێرشەکانی ئەمەریکا، سوپای پاسداران لە پەیامێکدا ڕایگەیاند ''ئێستا جەنگ بۆ ئێمە دەستی پێ کرد.'' دوای ئەم پەیامەش ئێران بە دوو شەپۆل، زیاتر لە 30 مووشەکی بالیستی ئاراستەی ئیسرائیل کرد. بە گوێرەی دەستەی فریاگوزاریی ئیسرائیل، لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکانی بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممەی ئێران، زیاتر لە 20 هاووڵاتیی سڤیل برینداربوون و برینی دووانیان سەختە. 

ئەمە لە کاتێکدایە، شەڕی ئێران و ئیسرائیل چووەتە هەفتەی دووەمەوە و ڕۆژانە هەردوولا بۆمبارانی یەکدی دەکەن.

سەرەتای جەنگەکە لە بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینییەوە، 13-06-2025، دەستی پێ کرد، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی دەیان بارەگای سەربازی و بنکەی ئەتۆمی لە تاران و  چەندان شوێنی دیکەی ئێرانی بۆمباران کرد. هاوکات ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی کوشت. 

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگ تا ڕۆژی شەممە، 21-06-2025، 430 کەس لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل کوژراون و زیاتر لە 3500 کەسی دیکەش بریندار بوون؛ کە زۆرینەیان هاووڵاتیی سڤیلن.