ئێران داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات

ئاژانسی تەسنیم بڵاوی کردەوە، ئەمیر سەعید ئیرەوانی، باڵیۆز و نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەیەکدا بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوە کردووە، لەپێناو پارێزگاریی لە ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی، کۆماری ئیسلامیی ئێران داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات بێ دواکەوتن.

یەکشەممە 22ـی حوزەیرانی 2025، ئەمیر سەعید ئیرەوانی، باڵیۆز و نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەیەکدا بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئاماژەی بە هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی هێزە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر پێگە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی کردووە و دەڵێت: بە لەبەرچاوگرتنی هێرشە ڕوون و نا یاساییەکان، داوای ئەو کۆبوونەوە بەپەلەیە دەکەین، داواشی کردووە، بەتوندترین شێوە ئەو هێرشە سەرکۆنە بکرێت و هەموو ڕێکارێکی پێویست بەپێی ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕێگریی لە دووبارە بوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە بۆ سەر ئێران بگیرێتە بەر.

لە نامەکەدا ئیرەوانی گوتوویەتی: دەمەوێ سەرنجی ئێوە و ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێو دەوڵەتی بۆ هەڕەشەیەکی زۆر مەترسیدار لەسەر ئاسایشی هەرێمیی و نێودەوڵەتی ڕابکێشم، لە ئەنجامی ئەو هێرشە نایاساییەی ئەمەریکا کردیە سەر سەروەریی ئێران و سەلامەتیی خاکەکەی.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 22-06-2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی (فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان)ـیان لە ناوخۆی ئێران بۆمباران کرد. 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەبارەی هێرشەکەیان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' نووسیویەتی: "ئێمە هێرشە زۆر سەرکەوتووەکەمان بۆ سەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران تەواو کرد، کە فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهانیان لەخۆگرتبوو. هەموو فڕۆکەکان ئێستا لە دەرەوەی ئاسمانی ئێرانن.  بارێکی تەواو لە بۆمب خرایە خوارەوە بۆ سەر بنکە سەرەکییەکە، فۆردۆ."

لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەی ترەمپدا هاتووە: "هەموو فڕۆکەکان بە سەلامەتی لە ڕێگەی گەڕانەوەدان بۆ نیشتمان. پیرۆزبایی لە جەنگاوەرە مەزنە ئەمەریکییەکانمان دەکەین. هیچ سوپایەکی دیکە لە جیهاندا نییە کە بتوانێت ئەمە بکات. ئێستا کاتی ئاشتییە! سوپاس بۆ سەرنجتان لەسەر ئەم بابەتە."

دوای هێرشەکانی ئەمەریکا، سوپای پاسداران لە پەیامێکدا ڕایگەیاند ''ئێستا جەنگ بۆ ئێمە دەستی پێ کرد.'' دوای ئەم پەیامەش ئێران بە دوو شەپۆل، زیاتر لە 30 مووشەکی بالیستی ئاراستەی ئیسرائیل کرد. بە گوێرەی دەستەی فریاگوزاریی ئیسرائیل، لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکانی بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممەی ئێران، زیاتر لە 20 هاووڵاتیی سڤیل بریندار بوون کە برینی دوانیان سەختە.