عەباس عراقچی: ئێمە لە دانوستان نەکشاوینەتەوە تا بۆی بگەڕێینەوە

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: ئێمە لە دانوستان نەکشاوینەتەوە تا بۆی بگەڕێینەوە، ئەو گوتەیەی عراقچی لەکاتێکدایە کە ئەورووپا و وڵاتانی E3 کە بریتین لە فەرەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا، داوای ئەوە دەکەن ئێران بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ.

یەکشەممە 22ـی حوزەیرانی 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت:  هەفتەی ڕابردوو لەگەڵ ئەمریکا لە دانوستاندا بووین، کاتێک ئیسرائیل بڕیاری دا ئەو دیپلۆماسییە لەناوبەرێت، ئەم هەفتەیەش گفتوگۆمان لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا و (E3) کە بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیان، دەکرد،  کاتێک ئەمریکا بڕیاری دا ئەو دیپلۆماسییەتە لەناو بەرێت.

عەباس عراقچی لە پەیامەکەیدا دەپرسێت: ئەوە چ پەیامێک دەگەیەنێت؟

نووسیوویەتی "بۆ بەریتانیا و نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەوروپا، ئەوە ئێرانە کە دەبێت بگەڕێتەوە سەر مێزەکە. بەڵام چۆن ئێران بگەڕێتەوە بۆ شتێک کە هەرگیز جێی نەیهێشتووە، چ جای لەباربردنی."

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 22-06-2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی (فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان)ـیان لە ناوخۆی ئێران بۆمباران کرد. 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەبارەی هێرشەکەیان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' نووسیویەتی: "ئێمە هێرشە زۆر سەرکەوتووەکەمان بۆ سەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران تەواو کرد، کە فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهانیان لەخۆ گرتبوو. هەموو فڕۆکەکان ئێستا لە دەرەوەی ئاسمانی ئێرانن.  بارێکی تەواو لە بۆمب خرایە خوارەوە بۆ سەر بنکە سەرەکییەکە، فۆردۆ."