سوپای پاسداران: ئەمەریکا خۆی خستە پێشەوەی بەرەی جەنگ
سوپای پاسدارانی ئێران ڕایدەگەیەنێت، چاودێریی ئەو پێگانە دەکەین کە فڕۆکەکانی ئەمەریکای لێوە فڕیون بۆ هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران.
یەکشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2025، سوپای پاسداران ڕایگەیاند: ئەمەریکا بە هاوبەشیی لەگەڵ ئیسرائیل، تاوانێکیان دژ بە ئێران کرد. هێرشە سەربازییەکەی ئەمەریکا بۆ سەر پرۆژە ئەتۆمییەکان دژ بە بەڵێننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسای نێودەوڵەتی و ڕێککەوتننامەی دژ بە بڵاوکردنەوەی ئەتۆمییە.
سوپای پاسداران رایدەگەیەنێت، ئەمەریکا پێشێلیی بنەما سەرەکییەکانی ڕێزگرتن لە سەروەری وڵاتان و سەلامەتیی خاکی وڵاتەکان دەکات. دەشڵێت: ئەمەریکا خۆی خستە هێلی پێشەوەی دوژمنایەتیی ئێران و پرۆژە ئەتۆمییەکەی کە بەمەبەستی ئاشتی بەرهەم دەهێنرێت.
سوپای پاسداران، دووپاتی دەکاتەوە، تەکنەلۆجیای ئەتۆمیی ئاشتیی ئێران، بەهیچ هێرشێک لەناو ناچێت. بڵاوبوونەوەی بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە بە واتای خاڵی بەهێزیی نایەت، بەڵکو ئەگەری مەترسیی بۆ سەر ئەو بنکانە زیاد دەکات. ئاشکراشی کردووە، چاودێریی ئەو پێگانە دەکەن کە فڕۆکەکانی ئەمەریکای لێ فڕیوە بۆ ئەوەی هێرش بکەنە سەر ئێران.
سوپای پاسداران ڕایدەگەیەنێت: ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی ڕاستگۆیی" بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوام دەبێت و دەشبێت چاوەڕێی وەڵامی سەخت و ئازاراوی بکەن. ئاماژە بەوەش دەکات، هێرشەکەی ئەمەریکا هانیان دەدات بڕیاری وا بدەن لە چاوەڕوانی ئەواندا نەبێت، ئەوەش تەنها بۆ بەرگریی لەخۆ کردن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەبارەی هێرشەکەیان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' نووسیویەتی: "ئێمە هێرشە زۆر سەرکەوتووەکەمان بۆ سەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران تەواو کرد، کە بریتین بوون لە فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان، هەموو فڕۆکەکان ئێستا لە دەرەوەی ئاسمانی ئێرانن. بارێکی تەواو لە بۆمب بۆ سەر بنکە سەرەکییەکە، فۆردۆ، خرایە خوارەوە"