کرملین: پوتن هیچ پلانێکی نییە قسە لەگەڵ ترەمپ بکات
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕووسیا ڕایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا چووە نێو ململانێیەکی نوێ، ڕەنگە پەرەبسێنێت بۆ هێرشی زەمینی. دەشڵێت: ئێران لە پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوام دەبێت.
ئاژانسی تاسی ڕووسی ئەمڕۆ یەکشەممە 22ـی حوزەیرانی 2025، بڵاوی کردەوە، کرملین ئاشکرای کردووە، سەرۆکی ڕووسیا ڤلادمێر پوتن نایەوێت قسە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بکات دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا هێرشیان کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران.
ئاژانسی هەواڵی تاس-ی ڕووسیا ڕۆژی یەکشەممە لە زاری کرێملینەوە ڕایگەیاندووە کە، ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا هیچ پلانێکی نییە بۆ قسەکردن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، هاوتا ئەمریکاییەکەی، دوای هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرۆکایەتیی ڕووسیا دەڵێت: کە دەتوانرێت بە خێرایی پەیوەندییەک لەو بارەوە ڕێک بخرێت.
پێشتر، دیمیتری مێدڤیدیڤ جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیا ڕایگەیاندبوو، دۆناڵد ترەمپ، بە هێرشکردنە سەر ئێران، شەڕێکی نوێی ئەمریکای دەست پێ کردووە.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، یەکشەممە، 22-06-2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی (فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان)ـیان لە ناوخۆی ئێران بۆمباران کرد.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەبارەی هێرشەکەیان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' نووسیویەتی: "ئێمە هێرشە زۆر سەرکەوتووەکەمان بۆ سەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران تەواو کرد، کە فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهانیان لەخۆگرتبوو. هەموو فڕۆکەکان ئێستا لە دەرەوەی ئاسمانی ئێرانن. بارێکی تەواو لە بۆمب بۆ سەر بنکە سەرەکییەکەی فۆردۆ، خرایە خوارەوە ."