پزیشکیان: ئەمەریکا دوای شکستی ئیسرائیل هاتە مەیدانەکە
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران دەڵێت: ئەمەریکا بزوێنەری سەرەکییە و دوای شکستی ئیسرائیل هاتە مەیدانەکە.
یەکشەممە 22ـی حوزەیرانی 2025، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند: هێرشەکەی ئەمەریکا دەری دەخات، ئەوان بزوێنەری سەرەکیی پشت هێرشەکانی ئیسرائیلن و دوای شکستی ئیسرائیل، هاتنە مەیدانەکە.
پزیشکیان ئاماژەی بەوە کرد، ئەو ڕەفتارانەی دەنوێنرێت، دووپاتی ئەوە دەکەنەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بزوێنەری سەرەکیی کارە دوژمنکارانەکەیە کە ئیسرائیل دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران دەیکات.
سەرکۆماری ئێران گوتی: دەستدرێژیی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەمان، سەرەڕای ئەو زیانەی لێی کەوتووەتەوە بە کوژرانی ژمارەیەک لە سەرکردە و زانا و هاووڵاتیانی ئێرانی، دەبێ هاندەرێک بێت بۆ وەلانانی ناکۆکی و کەڵک وەرگرتن لە وزە زەبەلاحەکانی خەڵک. گەلی ئێران چەندین جار ئامادەیی خۆیان نیشان داوە کە موڵک و ماڵی خۆیان لە پێناو بەرگریکردندا بەخت بکەن بۆ پاراستنی خاک و میللەتی ئێران و پاراستنی سەروەری وڵاتەکە.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، یەکشەممە، 22-06-2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی (فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان)ـیان لە ناوخۆی ئێران بۆمباران کرد.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەبارەی هێرشەکەیان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' نووسیویەتی: "ئێمە هێرشە زۆر سەرکەوتووەکەمان بۆ سەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران تەواو کرد، کە فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهانیان لەخۆگرتبوو. هەموو فڕۆکەکان ئێستا لە دەرەوەی ئاسمانی ئێرانن. بارێکی تەواو لە بۆمب بۆ سەر بنکە سەرەکییەکە فۆردۆ، خرایە خوارەوە ."