پارێزگاری تاران: ئیسرائیل 200 شوێنێ شارەکەمانی بۆردومان کردووە

پارێزگاری تاران ڕایگەیاند، لە سەرەتای جەنگەوە تاوەکوو ئێستا ئیسرائیل 200 شوێنی لە شارەکەمان بە ئامانج گرتووە.

یەکشەممە 22ـی حوزەیرانی 2025، محەممەد سادق موعتەمدیان، پارێزگاری تاران ڕایگەیاند، لە 10 ڕۆژی ڕابردوو دا ئیسرائیل زیاتر لە 200 شوێنی لە تاران بۆردومان کردووە.

هەروەها ئاماژەشی داوە، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە 120 باڵەخانەی نیشتەجێبوون بە تەواوی وێران کراون و 500 باڵەخانەی دیکەش زیانیان پێ یگەشتووە.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانی کوشت.

لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.