ڕاوێژکاری خامنەیی: کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراو وەک خۆی ماوەتەوە

عەلی شەمخانی، ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران
عەلی شەمخانی، ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران

ڕاوێژکاری خامنەیی دووپاتی کردەوە، سەرەڕای هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر سێ دامەزراوەی ئەتۆمی لە ئێران، بەڵام هێشتا کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراو وەک خۆی ماوەتەوە و زیانی پێ نەگەیشتووە.

یەکشەممە 22ـی حوزەیرانی 2025، عەلی شەمخانی، ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، نوسیوویەتی: ئەگەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانیش لەناو ببرێن، یارییەکە هێشتا کۆتایی نەهاتووە.

ڕاوێژکاری خامنەیی ئاشکرای کرد، سەرەڕای هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر سێ دامەزراوەی ئەتۆمی لە ئێران، هێشتا کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراو بە پارێزراوی ماوەتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، "دەستپێشخەریی سیاسی لای ئەو لایەنەیە کە بە زیرەکی یارییەکە دەکات و خۆی لە لێدانی کوێرانە بە دوور دەگرێت. سوپرایزەکان بەردەوامن".

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهانـیان لە ئێران بۆمباران کرد. 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەبارەی هێرشەکەیان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، ڕایگەیاند: هێرشە زۆر سەرکەوتووەکەمان بۆ سەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران تەواو کرد، کە بریتی بوون لە فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان.

گوتیشی: پیرۆزبایی لە جەنگاوەرە مەزنە ئەمەریکییەکانمان دەکەین، هیچ سوپایەکی دیکە لە جیهاندا نییە کە بتوانێت ئەمە بکات، ئێستا کاتی ئاشتییە.

 
Fly Erbil Advertisment