عراقچی: ئێران هەڵوێستەکانی خۆی لەگەڵ ڕووسیا یەک دەخات

ئاژانسی تاسـی ڕووسیا, لە زاری عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، کە سەردانی مۆسکۆی کردووە، ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند: ئێران و ڕووسیا هەڵوێستەکانیان لە بارەی هەڵکشانی ئاڵۆزییەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەک دەخەن.

دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە زاری فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە ڕایانگەیاندووە "هەر جارێک ئەمریکاییەکان تاوانیان دژ بە ئێران کردبێت، وەڵامی یەکلاکەرەوەیان وەرگرتووە و ئەمجارەش دووبارە دەبێتەوە."

دوێنێ یەکشەممە، ڕووسیا بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەمریکای بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکان لە ئێران کرد کە بە نابەرپرسانە وەسفی کردووە.

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە "بڕیاری نابەرپرسانەی ئەمەریکا بە هێرشی مووشەکی و بۆمبا بۆ سەر خاکی دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری بەهەر بیانوێک، پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە."

ئاژانسی هەواڵی تاسـی ڕووسیا، دوێنێ یەکشەممە ڕایگەیاندبوو، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا هیچ پلانێکی بۆ قسەکردن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی هاوتا ئەمریکییەکەی نییە، دوای هێرشەکانی هێزە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرۆکایەتیی ڕووسیا ئاماژەی بەوە کردووە، دەتوانرێت بە خێرایی پەیوەندییەک ڕێکبخرێت.

پێشتر دیمیتری مێدیڤیدت، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕووسیا ڕایگەیاندبوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە هێرشکردنە سەر ئێران شەڕێکی نوێی ئەمریکای دەست پێ کردووە.