ڕۆیتەرز: ئەگەری هەیە ئێران لە 48 کاتژمێری داهاتوو وەڵامی ئەمەریکا بداتەوە
چەند سەرچاوەیەکی ئەمەریکی ڕایانگەیاندووە، ئەمەریکا هەڵسەنگاندنی کردووە کە ئێران لە 48 کاتژمێری داهاتوو هێرشیان دەکاتە سەر، هەروەها ئاماژەشیان داوە، واشنتن دەیەوێت بە ڕێگەیەکی دیپلۆماسییانە ڕێگری لە هێرشەکان بکات.
دووشەممە 23ـی حوزەیرانی 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لەسەر زاری سەرچاوەیەکی ئەمەریکی بڵاوی کردووەتەوە، ڕەنگە ئێران لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوو وەڵامی هێرشەکانی ئەمەریکا بداتەوە.
هەروەها ئاژانسەکە لەسەر زاری دوو سەرچاوەی دیکەی ئەمەریکی ئاماژەی داوە، ئەمەریکا هەڵسەنگاندنی بۆ ئەوە کردووە کە ڕەنگە ئێران بەم نزیکانە هێرش بکاتە سەر بنکە سەربازییەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
باسییان لەوەش کردووە، ئەمەریکا دەیەوێت بە ڕێگایەکی دیپلۆماسییانە ڕێگری لە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی بکات.
یەکشەممە 22ـی حوزەیرانی 2025، ئاژانسی هەواڵی ئیرنای ئێرانی لەسەر زاری عەلی ئەکبەر ویلایەتی ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاوی کردبووە، ئیتر هیچ شوێنێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە جیهانی ئیسلامی بۆ ئەمەریکا و بنکە سەربازییەکانی نامێنێت.
عەلی ئەکبەر ویلایەتی جەختیشی کردبووە، هەر بنکەیەکی ئەمەریکا لە ناوچەکە کە تێیدا هێرش بۆ سەر وڵاتەکەمان کرابێت، ئەوە ئێمە بە مافی خۆمان دەزانین، هێرشیان بکەینە سەر.
هێرشەکەی ئەمەریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران
ڕۆژی یەکشەممە، 22-06-2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی (فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان)ـیان لە ناوخۆی ئێران بۆمباران کرد.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەبارەی هێرشەکەیان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' نووسیبووی "ئێمە، هێرشە زۆر سەرکەوتووەکەمان بۆ سەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران تەواو کرد، کە بریتی بوون لە فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان. هەموو فڕۆکەکان ئێستا لە دەرەوەی ئاسمانی ئێرانن. بارێکی تەواو لە بۆمب بۆ سەر بنکە سەرەکییەکە واتە فۆردۆ، خرایە خوارەوە."
لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەی ترەمپدا هاتبوو "هەموو فڕۆکەکان بە سەلامەتی لە ڕێگەی گەڕانەوەدان بۆ نیشتمان. پیرۆزبایی لە جەنگاوەرە مەزنە ئەمەریکییەکانمان دەکەین. هیچ سوپایەکی دیکە لە جیهاندا نییە کە بتوانێت ئەمە بکات. ئێستا کاتی ئاشتییە! سوپاس بۆ سەرنجتان لەسەر ئەم بابەتە."
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانی کوشت.
لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.