ئاژانسێک: هیچ مووشەکێکی ئێران ئامانجەکەی لە قەتەر نە پێکاوە

بەرپرسێکی ئەمەریکی ڕایگەیاند، هیچ مووشەکێکی ئێران بنکەی عودەیدی لە قەتەر نەپێکاوە و هیچ قوربانییەکیش نەبووە. 

دووشەممە 23ـی حوزەیرانی 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لەسەر زاری بەرپرسێکی ئەمەریکی بڵاوی کردووەتەوە، هیچ مووشەکێکی ئێران بنکەی عودەیدی لە قەتەر نەپێکاوە.

هاوکات ئاماژەشی دا، بەگوێرەی هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکان ئێران لە هێرشەکانیدا مووشەکی کورت مەودا و مامناوەندی بەکار هێناوە.

هەروەها دوو سەرچاوەی دیکەی ئەمەریکی بەو ئاژانسەی ڕاگەیاندووە، هێرشەکانی ئێران هیچ قوربانییەکی نەبووە.

هەر ئەمڕۆ دووشەممە، سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، شەش مووشەکی ئاراستەی بنکەیەکی ئەمەریکی عودەید لە قەتەر کردووە. هاوکات ئۆپەراسیۆنی بەشارەتی فەتحی بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا دەست پێ کردووە.