عێراق هاوسۆزیی بۆ قەتەر دەردەبڕێت

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە هێرشی مووشەکی بۆ سەر قەتەر نیگەرانە و وێڕای دەبڕینی هاوسۆزیی بۆ دەوحە، ڕایگەیاندووە، هەڵوێستی عێراق نەگۆڕە، کە جگە لە دانوستان هیچ ڕێگەیەکی دیکە نییە بۆ چارەی قەیران و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە.
ئەمڕۆ، دووشەممە، 23ـی حوزەیرانی 2025، لەدوای هێرشەکەی ئێران بۆ سەر قەتەر، وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕاگەیاند: بە نیگەرانییەوە بەدواداچوون بۆ خێرا پەرەسەندنە مەترسیدارەکان لە ناوچەکە دەکەین، هاوسۆزیی خۆمان بۆ قەتەر دەردەبڕین و جەخت لە پاراستنی سەروەری و ئاسایشی وڵاتەکە دەکەینەوە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕاشیگەیاندووە، جەخت لەوە دەکەینەوە کە عێراق لە مێژە هۆشداری داوە لە ئەگەری ئەم پەرەسەندنانە، ئەو مەترسیانەی دەبێت لەبەر چاو بگیرێن، چونکە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەکەن.
هەروەها نیگەرانی حکوومەتی عێراقی ڕاگەیاندووە و ئاماژەی داوە، عێراق جەخت لە هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی دەکاتەوە بۆ چارەکردنی کێشە و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، جگە لە دانوستان و ڕێگەی دیپلۆماسی هیچ بژاردەیەکی دیکە نییە.